بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان، چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە ڕێگای دروستكردنی وێستگەكانەوە، بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسیش لە پارێزگای دهۆک، كە ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زەوییە و بە گوژمەی ملیۆنێک دۆلار كەوتووەتە كار، ئێستا مانگانە زیاتر لە ٧٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنێت.
وێستگەکە، گەورەترین وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسە لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی دەبێت. لەبارەی پێکهاتەی ئەم وێستگەیەوە، ئەشواق زەنوون، بەڕێوەبەری وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە پارێزگای دهۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “وێستگەکە بە سرووشتی و بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێک کار دەکات و مانگانە زیاتر لە ٧٠ هەزار مەتر سێجا ئاو وەردەگرێت”.
لەبارەی بەرهەمی ڕۆژانەی وێستگەکەوە، ئەشواق زەنوون، ئاماژەی بەوە کرد: ”بەرهەمی ڕۆژانەمان ٣٠٠ مەتر سێجا ئاوە، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ تانکەر ئاوی قورسی ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆکمان بۆ دێت، پاشان بە کۆمەڵێک قۆناخ و بەشێوەیەکی زانستی، چارەسەری دەکەین”.
وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە پارێزگای دهۆک، لە ساڵی ٢٠١٩ دروست کراوە، ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زەوییە و گوژمەکەشی ملیۆنێک دۆلارە، ئاوە پاککراوەکەی ئەم وێستگەیە، دەتوانرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سوودی لێ وەربگیرێت، هەروەها دەبێتە هۆکارێکیش بۆ زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری