ئەشواق جاف: ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روودەدات لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روودەدات بۆ لێدان و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی چەند لایەنێک دژی هەرێمی کوردستان لە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق، ئەشواق جاف، گوتی: “ئەوەی کە لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق دەیبینین لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنانەی کە نەیانتوانی خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن و نایانەوێ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بە هەر هۆکارێک بێ پەنا بۆ لێدان لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبەن، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە”.

گوتیشی: “ئەو دەستوورەی کە قەوارەی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە دەسەڵاتەکانیشی دیاریکردووە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینین هەوڵدانە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشانەوەی، بەڵام خۆشبەختانە ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا، ئەو دەستکاریکردنەی کە لەبارەی هەرێمی کوردستان کراوە لە پڕۆژەیاسای بودجە، لە بڕگەیەدا دەڵێت چۆنیەتی تەمویلکردنی، چونکە دەستووری عێراق رێگە نادات بەوەی حکومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە کە کراوە هەڵە تێگەیشتن هەیە، هەندێک پەرلەمانتار وا تێگەیشتوون حکومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی دەکات”.

ئەشواق جاف، راشیگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەی لەگەڵ پارێزگاکان کردووە، هەروەها پڕۆژەکانیش بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر پارێزگاکان دابەشکراون، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هەندێک کەس دەیانەوێ بە خەڵکی سلێمانی بڵێن کە حکومەتی هەرێم زوڵمیان لێدەکات، نەخێرحکومەتی هەرێم زوڵمیان لێ ناکات، بەڵکو هەوڵ بۆ شێواندنی راستییەکان دەدرێت”.

لەبارەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان لە پارێزگای سلێمانی، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، گوتی: “فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ داوایان کرد هێزێکی هاوبەش بچێتە دەروازە سنوورییەکان و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەست پێبکات، بەڵام بەداخەوە برادەرانی یەکێتی قبووڵیان نەکرد”.

دەربارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەدا: “دەبێ لە سەرەتاوە باسی ئەوە بکەین پاشەکەوت چۆن دروستبوو، چونکە حکومەتی عێراق بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی نەنارد، بۆیە ئێمە داوا دەکەین پاشەکەوتی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراق بدرێتەوە، ئێمە ئەو بابەتە بۆ موزایەدە و کۆکردنەوەی دەنگ بەکارناهێنین، بە بەڵگە و بە نووسراوی فەرمی لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشکەشی لیژنەی دارایی و پەرلەمانی کردووە، هەروەها لە گفتوگۆکاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، دەبێ پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، پەرلەمانتار کە بابەتێک پێشنیاز دەکات یان پێشکەش دەکات دەبێ خاڵە یاساییەکانیشی دیاری بکات، دەبێ دیاربکرێت کێ هۆکاری پاشەکەوتی مووچە بوو بێگومان حکومەتی عێراق”.

ئەوەشی خستەڕوو: “راستە پەرلەمان بۆی هەیە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بکات و کەمیبکاتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی دەستووریان کردووە و تەنیا سیاسی نییە، چەندین مانگ لیژنەی تایبەتمەند گفتوگۆیان لەسەر خاڵە دەستوورییەکانی رێککەوتنەکە کردووە و پەسندیان کردووە، دواتر واژۆ کرا، گۆڕانکاری لە بڕگەکانی رەشنووسی یاسای بودجە، وەکو کودەتایە دژی ئەو رێککەوتنە و بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە”.

راشیگەیاند: “دەبێ بودجە بۆ هەموو هاووڵاتییان وەکو یەک بێ، ئەوەی دەبینرێت ساڵانە لە کاتی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق وەکو یاسای سزادانە بۆ هەرێمی کوردستان، نەک وەکو یاسای بودجە، ئەمساڵیش وەکو ساڵانی پێشوو دوور لە روحی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە دەکرێت”.