فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێڕاق تا ئاستێکی باش یەکدەنگ بوون

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، سەرەنجام پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق نێردرایە پەرلەمان و لە یەکەمین دانیشتنیشدا پەرلەمانی عێراق بەشێک لە ماددە و بڕگەکانی پەسەند کرد و بەهۆی دروست بوونی ناکۆکییەوە بەشێکی دیکەی هەڵگیرا بۆ دانیشتنی دووەم و پێدەچێت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ پەسەند کردنی بودجە درێژەی هەبێت.

نهێنییەکانی پشت دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان
پێش ئەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجە بکرێت، چەندین ڕێککەوتنی تایبەت لەسەر ئاستی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم و لیژنەکانی نێو پەرلەمانیش کرا، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیی فڕاکسیۆنیە کوردستانییەکان بوو، زۆربەی بڕگە و ماددەکان کە لە ڕێککەوتنەکاندا جێگیر کرابوون، پێچەوانەکەی خرایە دەنگدانەوە و هەرئەوەش بووە هۆکاری تێکچوونی دانیشتنی یەکەم و دواخستنی. فڕاکسیۆنیە کوردستانییەکان لەوەدا یەک دەنگ بوون نابێت لە هیچ بارودۆخیک و بە هیچ بیانوویەک عێراق دەسەڵاتی بڕینی بودجەی هەرێمی هەبێت، کە ئەوە یەکێک بوو لە داخوازییەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لە کاتی هەر گرفتێکدا لەماوەی ١٥ ڕۆژدا بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە ڕابگیرێت، ئەو بڕگەیە تایبەتە بە ماددەی ١٤ و فڕاکسیۆنی پارتی بە تەواوی پێداگری لەوە دەکات ئەو بڕگەیە بەشیوازێکی تر دەنگی لەسەر بدرێت، ئەویش بەو جۆرەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، واتە لە ئەگەری هەبوونی کێشە لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم، لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون پێکبێت و لەماوەی مانگێکدا ڕاپۆرتی خۆیان بدەنە سەرۆکوەزیران بۆ دەرکردنی بڕیار و چارە کردنی گرفتەکە.

پیلانێکی مەترسیداری نێو بودجە
یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی پرۆژە یاسای بودجە سەبارەت بە هەرێم، هەوڵدان بوو بۆ لاوازکردنی پێگەی دەستووری هەرێم ئەویش دوای داواکاری فڕاکسیۆنی یەکێتی بوو بۆ جیاکردنەوەی پاریزگای سلێمانی و مامەڵەی سەربەخۆی ئەو پاریزگایە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی کە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی دەستووری عێراقە، بەڵام سەرجەم فڕاکسیۆنە کوردییەکان ئەو بابەتەیان ڕەت کردەوە و توانرا ڕێگە لەو پیلانە بگیرێت. كه‌مال كه‌ركووكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بەو مەترسییە، ڕایگەیاندووە؛ ئه‌وه‌ ئه‌ركی په‌رله‌مانی عێراق نییه‌، به‌ڵكو هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمی ده‌ستووری و یاسایی و سیاسییه‌ و هه‌موو بڕیاره‌كانی ده‌ستوورین و له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی دیفاكتۆ و پاشانیش وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدڕاڵ، هه‌ر بڕیارێكی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی خۆی ده‌رده‌چێت، ره‌وایه‌تی ده‌ستووری هه‌یه‌ و رێگه‌پێدراوه‌. ئەوەشی خستەڕوو، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان و ره‌وایه‌تییه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و هه‌موو هه‌رێم، وه‌ك پارێزگایه‌كی عێراق ته‌ماشا بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌مه‌ش ئه‌نجامێكی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و قه‌واره‌یه‌ دروست ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یانه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ پێویستی زانی نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م بابه‌ته‌ قبووڵ نه‌كه‌ن و سازشی بۆ نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وپه‌ڕی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئایینده‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات.
هەر سەبارەت بەو پرسە، چاودێرێکی سیاسی، پێی وایە، ئەوە تەنیا بڕگەیەکی ئاسایی نییە و ئەگەر ڕێگای لێ نەگیرابا چیتر هەرێمی کوردستان توانای بڕیاردان و دەرکردنی یاساشی نەدەما و فیدڕاڵیەتیش بە تەواوی کاڵ دەبۆوە لە عێراقدا.

ماددەی ١٤
مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. لە ئەگەری پەسەند کردنی بەو شێوەیەی ڕێککەوتنەکان لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە، پێدەچێت تا ٣ ساڵی ئاییندە هەرێم و مووچەخۆرانی لە خەمی کێشەی دارایی بڕەخسێنێت. بەڵام، هێشتا هیچ زەمانێک نییە حکوومەتی فیدڕاڵی لە عێراق لەڕووی جێبەجێ کردنەوە تا چەند هاوکار دەبێت. بە گوتەی پەرلەمانتارێکی پارتی، ئیستا کێشەکە لەسەر بڕگەی حەوتەمی مادەی ١٤ یە، دوای ئەوەی رێککەوتن لەنێوان فوئاد حوسێن وەک نوێنەری پارتی و هادی عامری وەک نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی مادەی 14 کرا ئیستا بەو شیوەیە نەخراوەتە نێو پرۆژە یاسای بودجەوە، لە ئەگەری ئەوەی لە گەڕی دووەمی دانیشتنەکە ئەو بڕگەیە چاکبکرێتەوە، هیچ گرفتێکی کورد لە بودجەدا نامێنێتەوە وابکات ڕێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بکرێت.