ئەنجوومەنی وەزیران بە گوژمەی ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار،٥ ترومپای نوێ دابین دەکات

بەمەبەستی چارەکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە لە قەزای ڕەواندز، حکوومەتی ھەرێم بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و نیو دینار، ٥ ترومپای ئاسۆیی بۆ پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ دابین دەکات، بەوەش کێشەی ئاو لەو قەزایە نامێنێت.

پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ- ڕەواندز، ٩٠% ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی ڕەواندز دابین دەکات، مێژووی پڕۆژەکە بۆ ساڵی ھەشتاکان دەگەڕێتەوە، ساڵی ٢٠١٧ نۆژەن کراوەتەوە و پێنج ترومپای تێدایە، ئەگەر ھەموو ترومپاکان کار بکەن، توانای بەرھەمھێنانی ٦٠٠مەتر سێجا لە کاتژمێردا ئاو ھەیە، بەڵام ئێستە بەھۆی لە کارکەوتنی سێ دانەیان تەنھا ٣٥٠ مەتر سێجا ئاو دابین دەکەن، ئەوەش بەشی پێداویستی ھاووڵاتییانی ڕەواندز ناکات.
ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە بە دابینکردنی یەک ملیار و نیو دینار بۆ کڕینی پێنج ترومپای کوالێتی بەرز بۆ پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ – ڕەواندز، بەوەش کێشەی ئاوی خواردنەوە لەو قەزایە بە کۆتا دێت. ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕەواندز، دەڵێت: ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە و بە کڕینی ئەو ئامێرانە، کێشەی ئاو لە قەزاکە چارە دەبێت، ھەروەھا کارمان لەسەر پڕۆژەی ئاوی مێگر کردووە، قەبارەی بۆڕیەکە گەورەتر دەکەین، بەوەش ئاوی زیاتر دەتوانین بۆ خەڵکی ڕەواندز دابین بکەین.