د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مامەڵەکردن بە جیا لەگەڵ پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری فیدراڵی و دەستوەردانە لە کاروباری ھەرێمی کوردستان. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە. دەشڵێ: بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بەبێ تەرخانکردنی بڕە پارەی پێویست، ھیچ سوودی نابێت.

پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە، واتە مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و سێ سەد و ھەشتا و چوار ملیار دینار دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە خەرجی مانگانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە نۆسەد و دە ملیار دینار.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە ڕێورەسمی ئیمزا کردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە نەخشەڕێگەی چارەبوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە گوتی: وەکو پارتی بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەوەداین پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە، چونکە ئەمە مافی فەرمانبەرانی ھەرێمە، بەڵام پێویستە تەرخانی دارایی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ھەموو ئەوانەی موزایەدە لەو بارەیەوە دەکەن تەنیا یاری بە ھەست و سۆزی خەڵک دەکەن، کەسیان داوای ئەوەیان نەکردووە کە دەبێ بڕە پارەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت .
لەبارەی مامەڵەکردنی بەجیا لەگەڵ پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: مامەڵەکردن بەجیا لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە و دەستوەردانە لە کاروباری ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ھەوڵێکە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.