گومان لە جموجۆڵێكی سروە عەبدولواحید و پەرلەمانتارێكی عەرەبی بەسڕە دەكرێت

سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ یەكێك لە پەرلەمانتارە عەرەبە شۆڤێنییەكان لە هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەچێتە دەرەوە، ئەمەش گومانی ئەوە دروست دەكات كە هەوڵی پیلانگێڕییەكی تازە لە دژی كوردستان بدەن.
پاش زنجیرەیەك هەوڵدانی جیاواز لە دژی كوردستان، شەوی رابردوو تواندرا ماددە 13ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق كە پەیوەندیدارە بە هەرێمی كوردستانەوە، بەبێ كێشە تێپەڕێندرێت، بەڵام ماددەی 14 بەهۆی هەوڵی ئەو شۆڤێنییانەی كە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەپێناو لاوازكردن و لەتكردنی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دەكردن، نەتواندرا دەنگی لەسەر بدرێت.
لە لایەن خۆیەوە، ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: ”ماددەی 14 بەهۆی ئەوەوە دەنگی لەسەر نەدرا كە شۆڤێنییەكان، بە تایبەتیش پەرلەمانتارانی وەك یوسف كیلابی و عودەی عەواد، پێداگرییان لەوە دەكرد كە بڕگەیەك لە یاسای بودجەدا جێگیر بكەن بەوەی حكوومەتی عێراق پابەند بكات بە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە حاڵەتی بوونی ناكۆكی لە تێڕوانین لەبارەی كێشەكانەوە، ئەم دەقەش زۆر دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانە و نابێت لەژێر هیچ پاساوێكدا مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان كە قووتی خەڵكەكەیەتی، ببڕدرێت.“
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ”ئەوەی جێی سەرنجە، پاش ئەوەی بێهیوابوون لەوەی ماددەی 14 بەو جۆرەی كە پیلانیان بۆ دانابوو، تێپەڕێندرێت، سروە عەبدولواحید چووە لای عودەی عەواد كە یەكێك بووە لەوانەی لەم ماوەیەدا زۆرترین دژایەتیی هەرێمی كوردستانی كردووە، لەسەر كورسییەكەی خۆی هەڵیستاند و پێكەوە چوونە دەرەوە.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەم پێكەوە ڕۆشتنەی سروە عەبدولواحید و عودەی عەواد جێی گومانە و دوور نییە لەگەڵ شۆڤێنییەكانی دیكە پیلانگێڕییەكی تر لە دژی كوردستان بكەن.