ئەم تۆمەتبارە بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ 8 هەزار دۆلار و بڕێک ئاڵتوونی لە کچێک سەندبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتییەکانی لە کچێک کردبوو، ھەروەھا بڕی 8 ھەزار دۆلار و بڕێک زێڕیشی لە کچەکە سەندبوو، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەست پێکرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوورەوە دەستگیر بکرێت.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو، تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، پێشینەی تاوانی دیکەی ھەیە، ھەروەھا دانی بەوەدا ناوە کە لەژێر ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدۆی تایبەتیدا، پارە و زێڕی لە چەند کچێکی تر سەندووە.

پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشی كردووە، ئێستا تۆمەتبار (ھ، س، م) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن