9ى حوزه‌یرانی 1963 رۆژە خوێناویەكەی مێژووی شارى سلێمانى

ئەگەر لاى زۆر كه‌س رۆژى 9ى حوزه‌یرانى ساڵى 1963، وه‌ك دیمەنێكی سینه‌مایى به‌ به‌رچاویدا هاتبێ و تێپه‌ڕیبێ، ئه‌وه‌ زۆر شایه‌دحاڵى ئه‌و رۆژگاره‌ تاڵانه‌ ماون، كه‌ چۆن ئه‌م شاره‌ قاره‌مانه‌، شارى سلێمانى، به‌ده‌ست داگیركه‌رانى ئه‌و رۆژگاره‌ نه‌گریسه‌وه‌ بوو به‌ قۆچى قوربانى. رۆڵه‌كانى به‌ ده‌ستى جه‌لادێكى وه‌ك زه‌عیم سدیقه‌وه‌، به ‌تاوانى كوردبوون و پشتیوانیكردنى شۆڕشى كورد به‌ رابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر، ده‌سته‌ ده‌سته‌ به‌ره‌و دۆڵى شه‌هیدان راپێچ ده‌كران و له‌وێدا زینده‌به‌چاڵ ده‌كران، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌و شۆڕشه‌ و سه‌ركرده‌كه‌ى زه‌نده‌قیان چووبوو، شه‌و و رۆژ ئارامییان لێ هه‌ڵگیرابوو، زیڕه‌ى مه‌رگیان كردبوو، به ‌شێوه‌یه‌ك، داروبه‌ردیان لێ بووبووه‌ پێشمه‌رگه‌.

بەتایبەتی هێزی داگیركەر به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى سلێمانى هێنده‌ رقئه‌ستوور و داخ له‌دڵ بوون، وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌و ره‌شبگیرییه‌دا هه‌ركه‌س ده‌ستگیر ده‌كرا و ده‌برایه‌ زیندانه‌كان، پێیان ده‌گوتن وته‌ى ناشیرین و ناشایسته‌ و خراپ به‌ ره‌مزى نه‌ته‌وه‌ییتان (مسته‌فا بارزانى) بڵێن، به‌ڵام كه‌س ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و كاره‌ بكات، ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش بكرابایه‌. ئیدى ئه‌و رۆژه‌ تاڵانه‌ به‌سه‌ر چوون و شارى سلێمانى ناونیشانى (شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانى) به‌ كرده‌وه‌ به‌ ناوییه‌وه‌ نووسا و سه‌رشۆڕى و شه‌رمه‌زارییش بۆ داگیركه‌رانى و ناپاكانى كورد و كوردستان مایه‌وه‌.

له‌و سه‌روبه‌نده‌یشدا، چه‌ند شاعیرێك شیعریان بۆ كاره‌ساتى 9ى حوزه‌یران نووسیوه‌، وه‌ك: (نوورى وه‌شتى، كامه‌ران موكرى، شێركۆ بێكه‌س…).

سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ى ناحه‌زان ده‌رهه‌ق به‌م شاره‌ مه‌زڵوومه‌ كردییان و بۆ به‌زیندووهێشتنه‌وه‌ى، روومان كرده‌ (مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا)، كه‌ شاهیدحاڵى نێو رووداوه‌كان بووه‌ و ئاگادارى هه‌ندێك له‌و كاره‌ساته‌ بووه‌، چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ كرد.

مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا، سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ساتى 9ى حوزه‌یران به‌م شێوه‌یه‌ بۆمان دوا و گوتى:

”داگیركه‌ران و دوژمنانى كوردستان، به‌درێژایى مێژوو نه‌یانتوانیوه‌ هیچ داهێنانێكى به‌كه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت و به‌هاى كه‌م بێت، نه‌ له‌ رووى زانست و نه‌ له‌ هیچ روویه‌كى دیكه‌وه‌. هۆیه‌كه‌یشى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ خاوه‌نى مێشكێكى به‌سته‌ڵۆكن، كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا له‌ كاروانى پێشكه‌وتنى جیهانى له‌سه‌ر رابردوو ده‌ژین و ده‌یانه‌وێت تازه‌ به‌ تازه‌ به‌ حوشترى بیابان به ‌رۆكێت بگه‌ن كه‌ هه‌رگیز ناگه‌ن، به‌ڵام له‌ روویه‌كى دیكه‌وه‌، كار كه‌ دێته‌ سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵكوژى و له‌ناوبردنى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى، كه‌ به‌ زوڵمى مێژوو و زلهێزه‌كان پێیان لێنراون، یا كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر چه‌پۆكیان، چه‌نده‌ها داهێنانیان هه‌یه‌، كه‌ سه‌دانى وه‌ك (ستالین و مۆسۆلۆنى، خمیر سوره‌كات) بیریان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌. له‌م رووه‌وه‌ وشه‌ى وه‌ها ئه‌هێننه‌ ناو فه‌رهه‌نگى مرۆڤایه‌تى، كه‌ له‌ یاساى دارستانیشدا نه‌بووه‌.“

یاسین عەبدوڵا زیاتر دەڵێ: ”یه‌كێك له‌و ده‌سته‌واژانهی داگیركەران‌، قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆ (منع التجول) بوو. پێش باسكردن له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌، ئه‌م به‌ناو مرۆڤانه‌ خاوه‌نى جۆرێك له‌ قاره‌مانێتین، ئه‌ویش كوشتنى مرۆڤ له‌سه‌ر كاڵا و جلوبه‌رگ، زینده‌به‌چاڵكردنى مرۆڤ كه‌ ره‌گه‌ مێژووییه‌كه‌ى لایان باو بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ مێژوودا ئه‌م زینده‌به‌چاڵه‌ ته‌نیا تایبه‌ت بووه‌ به‌ (ئافره‌ت)، یان ره‌گه‌زى (مێ)، به‌ڵام به‌ حوكمى پێشكه‌وتن و هه‌ڵكشانى مێژووى وه‌چه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى پێشوو، گۆڕیان بۆ هه‌موو به‌شێكى مرۆڤ (به‌ نێر و مێ و پیر و گه‌نج و منداڵ و په‌ككه‌وته‌ش) هه‌ڵكۆڵی.

ئه‌م مێشك به‌سته‌ڵۆكانه‌ هه‌موو جیهان به‌ موڵكى خۆیان ده‌زانن، له‌ رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵات گشت مرۆڤ به‌ كۆیله‌ى خۆیان ده‌زانن، رۆژێك (شكسپیر) ئه‌كه‌نه‌ (شێخ زوبیر) یان (شیونه‌ و مه‌درید) به‌ ماڵى بابیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، (بیردۆزى رێژهی‌ى) به‌ داهێنانى ره‌نگه‌ (عه‌نته‌رى كوڕى شه‌دادى) بزانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن و بۆچى ئه‌م جیهانه‌ى كه‌ به‌ موڵكى خۆیانى ده‌زانن، كاولى ده‌كه‌ن؟ ئه‌م مرۆڤانه‌ى كه‌ به‌ كۆیله‌ى خۆیانى ده‌زانن، بۆ زینده‌به‌چاڵیان ده‌كه‌ن و به‌ وشه‌ى خۆیان (قه‌تڵ و عام)یان ده‌كه‌ن؟“

روونیشی كردەوە: ”ئه‌م شاره‌ و گشت شار و شارۆچكه‌كانى كوردستان ناسنامه‌كه‌یان (كوردایه‌تى) بووه‌، ده‌ستكه‌وتى له‌ داگیركه‌ران چى بووه‌؟ به ‌درێژایى ته‌مه‌نى (سلێمانى) چقڵ بووه‌ له‌ چاوى داگیركه‌ر و دوژمن به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نى داگیركارییان درێژه‌ى بكێشایه‌ بۆ ئه‌مڕۆ، چۆن دێهات و كانیاو و دار و دره‌ختیان كاول ده‌كرد و له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختیان كرد، به‌ هه‌مان چه‌شن ئه‌م شاره‌یش به‌ هه‌مان چاره‌نووسى دێهات و شارۆچكه‌كانى دیكه‌ى ئه‌م كوردستانه‌یان ده‌برد.“

ئنجا لەبارەی رۆژى كاره‌ساته‌كهی 9ى حوزه‌یرانى ساڵى 1963 مامۆستا یاسین عەبدوڵا گوتی: ”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌م شاره‌ به‌تایبه‌تى و كوردستان به‌گشتى له‌گه‌ڵ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و نه‌هامه‌تى و كوشتن و بڕین و دایكى جه‌رگسووتاو و خانمى هاوسه‌ر شه‌هید و رۆڵه‌ى باوك زینده‌به‌چاڵكراو نامۆ نه‌بوو، چه‌ند دایك دواى شه‌هیدبوونى رۆڵه‌كه‌ى له‌به‌رده‌میدا، لاشه‌كه‌ى ده‌به‌سترایه‌وه‌ به‌و تانك و ئامێره‌ سه‌ربازییانه‌ى كه‌ به‌ دیارى، یان به‌ نرخى هه‌رزان له‌ لایه‌ن دۆستانى كۆترى ئاشتى! ده‌درانه‌ داگیركه‌ر، له‌به‌رده‌میدا به‌ شه‌قامه‌كانى شاردا راده‌كێشران. ئه‌م به‌ناو مرۆڤانه‌ نه‌ریتى دیكه‌یان داهێنا. جۆرێكى دیكه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ قه‌ڵاچۆكردنى نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه‌ ته‌نیا تاوانى ئه‌وه‌ بوو پێى ده‌گوترا كورد. به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كه‌ وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى سه‌ر ئه‌م رووى زه‌مینه‌، ئه‌یویست به‌ ئاسووده‌یى بژى. ئه‌و نه‌ریته‌ تازه‌یه‌ پێى ده‌گوترا (قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆ- منع التجول)، هیچ مرۆڤێك بۆى نه‌بوو له‌ ده‌ركى ماڵى خۆیشى، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌وا هه‌ڵمژینیش سه‌روه‌ر بێت. هه‌رچى كووچه‌ و كۆڵانی شار هه‌بوو په‌ستێنرابوو به‌ (برا و برازا و كه‌سوكارى قه‌حتان و سه‌گبان) و ئه‌وانی دیكه‌. ترسنۆكییان به‌ جۆرێك بوو، ته‌نانه‌ت له‌ منداڵیش سڵیان ئه‌كرده‌وه‌، له‌ جلى كوردییش سڵیان ئه‌كرده‌وه‌، له‌ كراسى ڕه‌شى دایكى رۆڵه‌ى شه‌هیدكراو سڵیان ده‌كرده‌وه‌، له‌ مه‌لى سه‌ر دارتووه‌كانیش سڵیان ئه‌ده‌كرده‌وه‌، چونكه‌ به ‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ترسنۆكن. ئه‌گه‌ر ترس نه‌بێت، چى وا ده‌كات له‌سه‌ر قاتێ رانك و چۆغه‌ى شاڵ كه‌سێك شه‌هید بكرێت.“

بەردەوام دەبێ و دەگێڕێتەوە: ”ماڵ به‌ ماڵ ده‌ستیان كرد به‌ گه‌ڕان و پشكنین، به‌دواى چیدا ئه‌گه‌ڕان؟ هه‌رچى په‌یوه‌ندیى به‌ كورده‌وه‌ هه‌بێت، بۆ پارچه‌یه‌ك جل بۆ پشتێنى پشت، بۆ په‌ڕه‌كاغه‌زێك. هه‌رچى نێرینه‌ هه‌بوو ئه‌یانگرت و له‌ ماشێنه‌ سه‌ربازییه‌كانیان ده‌ئاخنین، كه‌س بۆى نه‌بوو بڵێ نا.. به‌ چه‌نده‌ها دیوارى ماڵانیان ئه‌كرده‌ دیوارى مه‌رگ و گه‌نجانى ئه‌م شاره‌یان گولله‌باران ده‌كرد، له‌پاڵیدا گۆڕى رۆڵه‌كه‌ى له‌ ماڵێ تێدا هه‌ڵده‌كه‌نرا و تێیدا ئه‌نێژرا. ئه‌م قاره‌مانانه‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كۆلاره‌ هه‌واییه‌كان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكوو له‌ سێبه‌رى كوردیش ئه‌ترسان. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رسوڕمان بوو، سه‌ره‌تا له‌و جێگایانه‌وه‌ ده‌ستیان پێ كرد كه‌ نزیك مۆڵگه‌كانیان بوو، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ریبخه‌ن ته‌نانه‌ت دراوسێیه‌تیش لاى ئه‌وان واتاى نییه‌، هه‌رچى نێرینه‌ى ئه‌م شاره‌ هه‌یه‌ كۆیان كردنه‌وه‌ و به‌ره‌و مۆڵگه‌كانیان بردن و كۆمه‌ڵێكى زۆریان لێ شه‌هید كردن. ئه‌م قاره‌مانانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ناویش ئه‌ترسان، وشه‌ى (مه‌لا) قه‌ده‌غه‌ بوو، (مسته‌فا) ئاگر بوو له‌ جه‌سته‌یان به‌رئه‌بوو، ترسنۆكییان به‌ راده‌یه‌ك بوو، هه‌موو كوردیان به‌ مه‌لا مسته‌فا ئه‌زانى، له ‌ڕاستیدا ته‌نیا ئه‌م ترسه‌یان راست بوو.“

لە درێژەدا گوتی: ”له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئێمه‌ى منداڵ و مێردمنداڵ له‌ كۆڵانه‌كانى سه‌رشه‌قام، تا ڕاده‌یه‌ك كه‌متر (منع التجول) و ئه‌م باسه‌ لامان ماناى هه‌بوو، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ كه‌متر ئه‌و دڕندانه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى ئێمه‌یان لا نامۆ بوو، له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كى دیكه‌یش له‌ ترسى ئه‌وه‌ى گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانى كورد له‌و گه‌ڕه‌كه‌داین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لاى ئێمه‌ دیار بوو، شه‌پۆل و لێشاوى ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوو كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى دیكه‌ى شاره‌وه‌ رزگاریان ده‌بوو و روویان له‌ كۆڵانه‌كانى لاى ئێمه‌ ده‌كرد. دوای حه‌وانه‌وه‌یان، ئێمه‌ى منداڵانى گه‌ڕه‌ك وه‌ك شاره‌زا پێشه‌نگیمان ئه‌كردن به‌ره‌و ئه‌و دۆڵه‌ى كه‌ (شیوى جووله‌كان)ى پێدا ئه‌ڕۆیشت. له‌ هه‌ر چوار لاوه‌، له ‌سه‌ربانه‌ به‌رزه‌كان وه‌ك سه‌ربانى (قوتابخانه‌ى سه‌رشه‌قام و یاریگاى سلێمانى) كه‌ باڵاده‌ست بوو بۆ بینینى هه‌موو جموجۆڵێك، ره‌بیه‌ و سه‌ربازگه‌یان دانابوو، هه‌ر جووڵه‌یه‌كیان ببینیایه‌، ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵى گه‌ڕه‌كیش بوایه‌، به‌ر ده‌ستڕێژى گولله‌یان ده‌دا، ئه‌م هۆیه‌ بوو، كه‌ له‌و شیوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاروانى خه‌ڵكدا رێگه‌مان ئه‌گرته ‌به‌ر، تا لە سنوورى شار ده‌رئه‌چووین، تا ئه‌و شوێنه‌ى پێى ئه‌گوترا (مه‌ولانه‌ و گردى كاك ئه‌حمه‌دى بۆنخۆش) له‌ رۆژێكدا چه‌ند جارێك گرووپ گرووپ ئه‌م كاره‌مان ئه‌كرد.“

لە كۆتاییدا مامۆستا یاسی عەبدوڵا لەبارەی ئەو رۆژەوە گوتی: ”ئەو بەرگرییە‌ گه‌وره‌یه‌ و ئه‌و ستەمە زۆرەی ئه‌و داگیركه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكى بێبه‌رگریى شا چه‌ند رۆژێكى خایاند و هه‌موویان له‌ ته‌ویله‌ و جێگه‌ى نه‌شیاودا به‌بێ نان و ئاو به‌ند كردن. تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى چه‌ندان كه‌س تووشى چه‌ندین جۆرى نه‌خۆشى بوون و چه‌ندینى دیكه‌یش گیانیان له‌ده‌ست دا. له‌و ده‌مه‌دا باسى (دۆڵى مه‌رگ) به‌ كزى به‌رگوێ ئه‌كه‌وت، دواتر باسه‌كه‌ زۆر زیادى كرد. (دۆڵى مه‌رگ) ئه‌و جێگه‌یه‌ بوو كه‌ رۆڵه‌كانى ئه‌م شاره‌یان تێدا گولله‌باران كرد، له‌ناو ئه‌و جێگه‌یه‌ى پێى ده‌گوترا (حامیه‌ى سلێمانى) كه‌ ئێستا جێگه‌ى پاركى ئازادییه‌. به‌و بیانووه‌ى ئه‌ندام و لایه‌نگرانى پارتى دیموكراتى كوردستان داوایان لێ ده‌كرا وشه‌ى ناشیاو به‌ سه‌ركرده‌ى كورد بڵێن، ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوانه‌یش مه‌رگیان هه‌ڵئه‌بژارد، نه‌ك سووكایه‌تى به‌رامبه‌ر به‌ سه‌ركرده‌كه‌یان. ئا ئه‌مه‌ بوو هه‌ڵوێستى قاره‌مانێتیى خه‌ڵكى قاره‌مانى ئه‌م شاره‌ و دڕنده‌یى رژێمى عێراقى ئه‌و سه‌رده‌مه‌. خۆزگه‌ هه‌زار خۆزگه‌ نه‌وه‌ى نوێمان، ئه‌م راستییه‌ى ئه‌هێنایه‌ به‌ر دیدى خۆى، بۆ ئه‌وه‌ى بزانێ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌و چێژى لێ ده‌بینێ، به‌ رووبارێك خوێنى ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ هاتووه‌ته‌ دى، نه‌ كه‌س خێرى پێ كردووین، نه‌ به‌دیارى وه‌رمانگرتووه‌. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێت، هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى بزانن، كه‌ له‌ چ ئاستێدا بووه‌ و چۆن خه‌ڵكى له‌پێناویدا قوربانیى داوه‌.

پێم باشه‌ له‌ كۆتایى ئه‌م دیداره‌دا، وه‌ك شاعیر كامه‌ران موكرى ده‌ڵێ:

چاوم هه‌ڵهێنا دیم ئه‌م میلله‌ته‌

دیمه‌نى ژینى قه‌ناره‌ و په‌ته‌

گوێم به‌ ده‌نگى ئاخ زرنگایه‌وه‌

ده‌مم به‌ هاوار هه‌ڵهێنایه‌وه‌

بۆیه‌ هه‌ر ئه‌بێ پشكۆى تۆڵه‌ بم

قوربانى خاك و هى ئه‌م خۆڵه‌ بم