بڕیار له‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌عجیل و عه‌ره‌ب و خانه‌قای هه‌ولێر درا

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ پارێزگای هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی دڵی هه‌ولێر ئه‌نجامدرا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌عجیل و عه‌ره‌ب و خانه‌قا ده‌گرێته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڕیاردرا له‌سه‌ر فه‌رمانی سەرۆكی حكوومەت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا نه‌خشه‌سازی و دیزاین ئاماده‌بكرێت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌مه‌رجێك ڕەچاوی لایەنی مێژوویی و كولتوورییه‌كان بكرێت.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و به‌رپرسانی تری حکوومەتی هەرێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان خسته‌ڕوو سەبارەت بە پرۆژەكە خستەڕوو، هاوكات جەختیان كردەوە كه‌ پێویسته‌ زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ بەفرزۆن له‌مه‌ودوا هه‌نگاوی عەمەلی و به‌رجه‌سته‌كراو و جێبەجێكردنی كارەكان بێت.

هەروەها ئاماژەیان بەوەش كرد ئەو زۆنە بە دڵی هەولێر دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی دێرین و كولتووریی شاری هەولێرە و جێی بایەخی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌ و دەبێت لەسەر شێوازە كۆنەكەی بە ڕەچاوكردنی لایەنی مێژوویی و كولتووری نۆژەن بكرێتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا لێژنه‌كانی تایبەت بە ناوچەی بەفرزۆن به‌ جۆرێك ئاراسته‌كران كه‌ له ‌چوارچێوه‌ی ماسته‌رپلان و لە ماوەیەكی كەمدا داتا و ئامار و بیرۆكه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو تاوه‌كو بە نەخشەسازی و دیزاینێك كە لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنەی سەنتەری شاری هه‌ولێر بگونجێت، كە یەكێكە لە گرنگترین ناوچەكانی شاری هەولێر و ڕەهەندی مێژوویی و كولتووری هەیە.

هەروەها گه‌نگه‌شه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گیروگرفتانه‌ی تایبەت بە ناوچەكە كرا كه‌ هێشتا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌، لەم ڕووه‌وه‌ چه‌ندین پرسی په‌یوه‌ندیدار به ‌ئیستیملاككردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکانە و كێشه‌ هونەری و کارگێری و یاساییەکان تاوتوێ کران.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویستە سوود لە ئەندازیارانی شاره‌زای بیناسازی و پسپۆڕانی بواری میژوویی و وەربگیرێت، تاوه‌كو كاره‌كان مۆركی ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی لەده‌ست نه‌دات و لە كاتی نەخشەسازی و جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا ڕه‌هه‌نده‌كانی مێژوویی و شارستانیەت‌ وەك میراتێكی دێرینی شاری هه‌ولێردا ڕه‌نگ بداته‌وه