ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کورتهێنان لە بودجەدا زیاتر دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سبەی پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کۆدەبێتەوە. پەرلەمانتارێک دەڵێت: ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر کۆی پڕۆژەیاساکە دەدات و لێکتێگەیشتنی باشیش لە نێوان لایەنەکان بۆ چارەکردنی کێشەکانی ناو بودجە هەیە. دەشڵێ: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کورتھێنانی بودجە زیاتر دەکات.

دوێنێ سێشەممە، ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەی ٨ی حوزەیرانی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، کە بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەبێت، بەگوێرەی خشتەکە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ دەبێت.
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بۆ سێ ساڵە؛ قەبارەکەی زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە، لەو بڕە، زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، واتە مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و سێ سەد و هەشتا و چوار ملیار دینار دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە خەرجی مانگانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە نۆسەد و دە ملیار دینار.
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گۆڕانکاری لە ماددەکانی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی کرد، کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک کە پابەندبوونی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان داندراوە لەبارەی ڕادەستکردنی نەوت و چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داھاتەکەی و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران.
ئەم گۆڕینان کە لە ماددەی ١٣ و ١٤ـدا ھاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکوومەتی عێراق ڕەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕینە، لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.
لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٣ بە بەشداریی دوو پەرلەمانتاری یەکێتی و چەند پەرلەمانتارێکی دژەبودجەی کوردستان، کۆمەڵێک مەرج و خاڵیان لەسەر پرۆژە بودجەی کوردستان فەرز کرد کە ناڕازیبوونی سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی کوردستانی لێ کەوتەوە و دواجار هەریەکە لە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم گۆڕانانەیان بە پێشلکردنی بنەماکانی ڕێککەوتن لێک دایەوە. بەپێی گۆڕینەکە، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕینی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی نێوخۆ لە سووتەمەنییش بەکار بھێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەر پارێزگایەک نیگەران بوو لە بەشەبودجەی خۆی، دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە بەغداوە مامەڵە بکات. دوای کۆبوونەوەکە بەھۆی نیگەرانیی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی تایبەت بە پەسەندکردنی بودجە دوا کەوتووە.
خەرجییەکانی بودجەی گشتیی عێراق بە سەد و نەوەد نۆ ترلیۆن و بیست و دوو ملیار و سەد و یازدە ملیۆن و شەش سەد و شێست و سێ هەزار دینار خەمڵێندراوە، کە خەرجیی وەبەرھێنان چل و نۆ ترلیۆن و چوار سەد و شێست و دوو ملیار و سەد و پەنجاو یەک ملیۆن و حەفت سەد و پەنجاو چوار هەزار دینارە.
هەرچی خەرجیی بەکارخستنە، سەد و سی و سێ ترلیۆن و دوو سەد و بیست و یەک ملیار و شەش سەد و نەوەد و چوار ملیۆن و دوو هەزار دینارە، خەرجیی قەرزەکانی بریتییە لە دوازدە ترلیۆن و حەفت سەد و پەنجا ملیار و نۆ سەد و هەشتا و یەک ملیۆن و بیست و یەک هەزار دینار، لەگەڵ سێ ترلیۆن و پێنج سەد و هەشتاو حەوت ملیار و دوو سەد و هەشتا و چوار ترلیۆن دینار کە خەرجیی بەرنامە تایبەتەکانە.
بەپێی هەژمارکردنی سەد دۆلاری ئەمریکی بە بەھای سەد و سی هەزار دینار، کۆی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەکاتە سەد و پەنجاو سێ ملیار و نەوەد و سێ ملیۆن و نۆ سەد و سی و دوو هەزار دۆلار.
ڕۆژی ١٣ـی ئاداری ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەندکرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ھاوشانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە ڕێورەسمی ئیمزا کردنی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگەی چارەبوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەمڕۆ لیژنەی دارایی کۆدەبێتە بۆ دەنگدان بە تێکڕای پڕۆژەیاساکە و ناردنی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هیوادارین ڕێککەوتنی فەرمی لەبارەی خاڵە ناکۆکەکانی پشکی هەرێمی کوردستان بکەین، کە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، ئاشکراشی کرد: لە هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامین، سازش لە مووچە و شایستەکانی خەڵکی کوردستان ناکەین، هەوڵدەدەین بە تێڕوانینێکی پەسەندکراو و سازان، شایستە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەست بھێنین.