سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەرێمی كوردستان لە بەردەم هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکاندا

بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا مێژوویەکی دێرینی هەیە و سەرەتا لە بواری پزیشکیدا بەکارهاتووە بۆ کەم کردنەوەی ئازار و هێورکردنەوە و سڕکردنی نەخۆش لەکاتی نەشتەرگەریدا دواتر بەکارهێنانەکەی بەجۆرێکی هەڵە پەرەی سەندووە و ئێستاکە بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە و تەواوی جیهان بە دەستیەوە دەناڵێنن.

وەک هەر بەشێکی تری جیهان، کوردستانیش بێبەش نەبووە لەم دیاردە قێزەونە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا و لەگەڵ کرانەوەی بە ڕووی دنیادا دیاردەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان دەستی پێکرد و هەرچەندە یاسای توند هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکە بەڵام نەتوانراوە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی خێرای ماددە هۆشبەرەکان بگیرێت.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ١٩٩٠-دا، هیچ حاڵەتێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستاندا نەبووە، ئەم دۆخە تاكو ساڵی ٢٠٠٣ بەم شێوەیە بووە، بەڵام ئێستاکە کوردستان لە هەرێمێکی بەکارهێنەرەوە بووەتە وێستگەیەکی گواستنەوە و ئامار و داتاكانی پەیوەست بە بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەڵكشانی بەردەوامدان و لە ئەگەری نەدۆزینەوی چارەسەرێكی ڕیشەیی، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبنە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان.
لە کوردستان بە گشتی نزیکەی ١٧ جۆر ماددەی هۆشبەر هەیە کە هەندێکیان لە ماددە مەترسیدارەکانن و لە باوترین و مەترسیدارترینیان ماددەی هۆشبەری ”كریستاڵ“ه کە بە زمانی بازاڕی ”شیشە“ەی پێ دەگوترێت، ئەم ماددەیە ڕاستەوخۆ لە ماوەی سێ خولەکدا کاریگەرییەکەی دەگات بە مێشک و بە میکرۆبی پووکانەوەی خانەکانی مێشک ناسراوە. لە ماددەکانی تریش کە لە کوردستان هەن: تریاک، هێرۆیین، کریستاڵ، ماریگوانا، بەنگ، جامایکا، حەشیش و هتد
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، لە هەولێر و دهۆک لە ساڵی ٢٠٢١، هەزار و٩٤٣ کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و زیاتر لە ٣٧٤کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی دەستگیرکراوان بووە بە دوو هەزار و١٠٣ کەس و و زیاتر لە ٢٠١کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.
ئێستاکە لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر ٤٨ کەسی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە هەردوو ڕەگەز لەسەر ماددەی هۆشبەر گیراون.
ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئافرەتان، ڕێژەی٣٪ بۆ ٥٪ی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر پێکدەهێنن، گەنج و لاوەکانیش لە تەمەنی ١٥ تاوەکو تەمەنی ٢٥ ساڵی رێژەی ٨٠٪ی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرن.”
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، گرامێک کریستاڵ پێش چەند ساڵێک نرخی نزیکەی ١٥٠دۆلار بوو، بەڵام ئێستا ئەوەندە زۆر بووە بە ٥هەزاریش یش دەفرۆشرێت.
بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە لە شاری هەوڵێر لە سەرەتای مانگی ئایاردا هەڵمەتێکی پشکنینی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و تەندروستی و ئاسایشی پارێزگای هەولێر بۆ نێرگەلەی کافێ و ڕێستۆرانتەکانی هەولێر دەستیپێکردووە و تەواوی تووتنی نێرگەلەکان دەپشکنن و بەشێکیشیان دەنێرن بۆ کوالێتی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان، هەروەها پشکنینی جەستەی تەواوی کارمەندانی کافێ و ڕێستۆرانتەکانی هەولێریش دەکرێت، تا بزانرێ ئاخۆ بەکارهێنەرن یاخود نا.
پشکنینەکان زۆر بە وردی ئەنجام دەدرێت، چونکە ماددەی هۆشبەر بووەتە مه‌ترسییه‌كی جددی و بەپێی ئامارێکی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٣٢٠ بازرگانی ماددەی هۆشبەر و بەکارهێنەر دەستگیر کراون، هاوکات نزیکەی ٥٠کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ٢٨٠٣ حەبی هۆشبەر بە شریت و ٦٧٩حەب بە کیلۆ و ١٥١٨ دەرزی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
ڕێگەکانی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر جۆراوجۆرن، بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک؛ نێرگەلە و ژن دوو لەو رێگەیانەن کە ئێستا زۆر باون بۆ ئالودەکردنی گەنجان بە ماددەی هۆشبەر و زۆربەی ئەو ماددەی هۆشبەرانەش کە دێتە نێو هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکرێت.