بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام و گرتنەبەری رێکارەیاساییەکان، لەرۆژانی (4 و 5ـی حوزەیرانی 2023)، سێ گرووپی بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردووە کە پێکهاتوون لە 10 کەس.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “یەکێک لەو گرووپانە هەوڵیانداوە ئافرەت و کچی نەوجوان بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەو تووشکردنی کەسانی دیکە بەم ماددە مەترسیدارە”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی دەستگیرکراوان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دانیان بەتاوانەکانیان ناوەوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
هاوکات رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان لە چەند چالاکیەکدا، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وردو گرتنەبەری رێکارەیاساییەکان، لە سێ رۆژی سەرەتای ئەم مانگە (حوزەیرانی 2023) توانیویانە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە شاری کەرکووک بە هاوکاری پۆلیسی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک دەستگیربکەن.
هەروەها رۆژی دووشەممە (29ـی ئایاری 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دامەزراوەکانیان 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردووە و دەستیان گرتووە بەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، پێنج سەد و 30 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، دوو هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچا، کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین.