لە پێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەوە، خاوەن پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پابەند دەكات بە دابینكردنی پشتێنەی سەوز، بۆ ئەم مەبەستەش نابێت هیچ پرۆژەیەك بە بێ ڕەزامەندیی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەست بە كار بكات و ١٧،٥٪ـی نرخی ڕاستەقینەی زەوی لە وەبەرهێنەرانیش وەردەگیرێت، بۆ درووستكردنی سەوزایی.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و دەستەی وەبەرهێنان، كار بە چەمكی “وەبەرهێنانی ژینگەیی” دهكهن، بۆیه له كۆبوونهوهی نێوانیاندا گەیشتوونهتە ئەوەی کە هەماهەنگیی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی ژینگە بە جۆرێك بێت هیچ پرۆژەیەك بە بێ ڕەزامەندیی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەست بەكار نەكات، كارئاسانی بۆ وەبەرهێنانی ئەو پڕۆژانە بکرێت كە دۆستی ژینگەن و بایەخدانی زیاتر بە وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و تەواوكردنی بەنداوەكان بدرێت و هەوڵ دەدرێت بۆ زووتر داڕشتنی نەخشەیەكی گشتگیری وەبەرهێنان، نوێكردنەوەی مۆڵەت بۆ هەر پرۆژەیەك بە ڕەزامەندییی ژینگەیی، پابەندكردنی خاوەن پرۆژە لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بۆ ئەوەی بەشێك لە وزەی كارەبای پرۆژەكە، لە سەرچاوەی وزەی خاوێنی وەك وزەی خۆرەوە بێت، پابەندكردنی خاوەن پرۆژە بە دابینكردنی پشتێنەی سەوز بە پانیی گونجاو بە دەوری شوێنی نیشتەجێبووندا”.
لە بارەی ژینگە و پلانی حكومەت بۆ رێژەی سەوزایی لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، د. محمدشوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: ” ئەو پرۆژانەی رێژەی سەوزاییان وەك پێویست نەبووە، حكومەت وەبەرهێنەرانی ناچار كردووە لە شوێنێكی تر قەرەبووی بكاتەوە”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە: “ئێستا دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ نووسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی حسابێکی تایبەتی بۆ پارك و سەوزایی دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر هەندێك پرۆژەی وەبەرهێنان پێویستیان كردووە، كە ١٧،٥٪ـی لە نرخی ڕاستەقینەی زەوی لە وەبەرهێنەران وەربگیرێت بۆ ئەوەی سەوزایی لە ناوچە و شارەكانی تر دروست بكرێت، تا باڵانسی ڕێژەی سەوزایی و باڵەخانە لە نێوان شارەكان درووست بكرێت و ڕێژەكەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ستانداردەی دەستەی ژینگە داوای دەكات و ژینگە بەگشتی پێویستییەتی”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری