ڕۆژی ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیجیتاڵ کردنی سیستەمی تۆماركردنی بازرگانیی كارە بازرگانییەكانی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند: “بەڵێنەکانمان بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی دەبەینە سەر” و لە ئێستاشدا خوازیارانی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی (business.digital.gov.krd) ناوە بازرگانییەکانیان تۆمار بکەن.
لە بارەی تایبەتمەندییەكانی سیستەمەكە و ئاسانكاری و سوودەكانی بۆ هاووڵاتییان، بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: “ئەم سیستەمە چەند تایبەتمەندییەكی هەیە لەوانەش لەڕووی تێچووەوە ٨٠%ی تێچووەكەی داشكێنراوە، پێشتر تۆماری بازرگانی لە ٦٠٠ تا ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار دیناری تێدەچوو، ئێستا تەنیا بە ٥٠ هەزار دینار دەکرێت، ئەگەر سەیری كۆی خەرجی گشتیی تۆماری كۆمپانیا بكەین، ناگاتە ١٥٠ هەزار دینار، ئەمەش كارئاسانییەكی زۆری بۆ خزمەتخوازانی هەرێمی كوردستان و كەسانی بیانی كردووە”.
لە بارەی سوودی سیسیتەمەكە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ئاماژەی بەوە كرد: “یەكێكی تر لە سوودەكانی ئەم سیستەمە، ڕەخساندنی هەلی كارێكی زۆرە بۆ دەرچووانی تازەی كۆلێژەكان و ئەو گەنجانەی داهاتیان سنووردارە، بۆ ئەوەی بتوانن تۆماری كۆمپانیا بکەن، هەروەها هەر كەسێك بیەوێت كۆمپانیا تۆمار بكات، پێویستە بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی كۆمپانیاكە تۆماری بایۆمەتری بكات، واتە تۆماری ژمارەی كەسی بێهاوتای هەبێت، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی (٥) لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەران، ناكرێت فەرمانبەران لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لەهەمان كاتدا كار بکەن، ئەمەش وادەكات هەلیكارێكی زۆر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت”.
بڵند محەمەد، راشیگەیاند: “لە ڕێگەی تۆماركردنی بایۆمەتری دیار دەبێت ئەو بەڕێوەبەرەی ڕێپێدراوە، فەرمانبەرە لەكەرتی گشتی یان نا. پاڵپشت بە ماددەی (١٢١)ی كۆمپانیاكان، پێویستە بەرێوەبەری رێپێدراوی هەر كۆمپانیایەك كەسانی شارەزا و پسپۆڕو دەرچووی كۆلێژ بن، بەمجۆرەش هەلی زیاتر بۆ گەنجانی دەرچووی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێت و لەلایەکی دیکەش ڕۆتین کەم دەکاتەوە و كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات، ئەویش تەنیا بە یەك سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان یان بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری كۆمپانیای شارەكان دەكرێت، بۆ پێشكەشكردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەكان یان وەرگرتنەوەی بڕوانامەی تۆماری كۆمپانیا یان ناوی بازرگانی”.
فەرمانگەى میدیا و زانیارى