ھیچ کاتێک بۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دیاری نەکراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەستکارییەکانی ماددەی ١٣ و ١٤ بووە ھۆی دواکەوتی پەسەنکردنی بودجە. پەرلەمانتاران دەڵێن دەبێت پێداچوونەوە بەبڕیاری لیژنەی دارایی بکەن، چونکە ئەمە لادانە لەو ڕێککەوتنەی کە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێک کەوتوون، ھەروەھا ئەو بڕگانەی زیادکراون لەنێو پڕۆژەیاسای بودجە پێچەوانەی دەستوور و یاسان.

دوای گفتوگۆ لە نێوان سەرکردایەتیی ئیدارەی دەوڵەت کە پێکھاتوون لە حیزبە پێکھێنەرەکانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەپێی ڕێککەوتنەکە لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە سەرجەمیان بگەڕێنەوە بۆ دەقی ڕێککەوتنی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق کە بۆ لیژنەی دارایی ناردووە و سەرجەم ئەو خاڵانەی کە زیادەن لە دەقەکە دەبێت لا ببرێن.
ھیشتا کۆبوونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەت بەردەوامە بۆ ئەو تەعدیلاتەی کە لە بەشەبودجەی کوردستان لە پڕۆژەبودجەی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی ڕاست بکرێتەوە ھەر چۆنێک بێت ھەردوولا بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەقەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ھاتووە مەبەست لە دەقەکە ئەو ڕێککەوتنەی ٢٠٢٣ی نێوان ھەولێر و بەغدا بوو لەسەر بەشەبودجەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا.
ڕۆژی ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٣، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لە بارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو ھۆڵی پەرلەمان، بە چەند دەستکارییەکەوە ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد کە تایبەتن بە داھاتی نەوت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، قەبارەی ساڵانەی زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە، بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئەم خاڵانە جێگیر کرابوون، بەڵام لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٣ بە بەشداریی دوو پەرلەمانتاری یەکێتی و چەند پەرلەمانتارێکی دژەبودجەی کوردستان، کۆمەڵێک مەرج و خاڵیان لەسەر پرۆژەبودجەی کوردستان فەرز کرد کە ناڕازیبوونی سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی کوردستانی لێ کەوتەوە و دواجار ھەریەکە لە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەم گۆڕانانەیان بە پێشلکردنی بنەماکانی ڕێککەوتن لێک دایەوە، بەپێی گۆڕینەکە، دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد هەزار ھەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕینی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە ھەر بۆ ھەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی نێوخۆ لە سووتەمەنییش بەکاربھێندرێت لەگەڵ ئەوەی کە ھەر پارێزگایەک نیگەران بوو لە بەشەبودجە دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە بەغداوە مامەڵە بکات، دوای کۆبوونەوەکە بەھۆی نیگەرانیی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە پەسەندکردنی بودجە دوا کەوتووە.
ڕۆژی ١٣ـی ئاداری ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی پەسەندکرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە بوو لە ڕێورەسمی ئیمزا کردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە نەخشەڕێگەی چارە بوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەو ماددانەی کە کردوویانە بە جێگرەوەی ماددەی ١٣ و ١٤ ماددەی نا دەستوورین و پێویستە عێراق پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی خۆیدا بکات، ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوەیە تەنھا دەستکاریی لەو ماددانە بکرێتەوە وەکو سەرەتای لێبێتەوە کە ھەردوو سەرۆکوەزیران ئێمزایان کرد، بۆیە پێویستە ھەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە حکوومەت بێنە سەر ھێڵ و جارێکیتر پێداچوونەوە بە بڕیاری لیژنەی دارایی دا بکەن، چونکە ئەمە لادانە لەو ڕێکەوتنەی کە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێککەوتوون، تائێستەش کۆبوونەوەی لایەنەکان بەردەوامە بۆ چارەکردنی کێشەکان، باڵام تا ئێستە ھیچ کاتێک دەستنیشان نەکراوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پەسەنکردنی بودجە.
سیپان شێروانی، گوتیشی: حکوومەت لایەنی جێبەجێکارە، ئەو پڕۆژە دەنێرێت بۆ پەرلەمان، پەرلەمانیش دوو کاری ھەیە، یەکەم شەرعیەت بداتە ئەو ڕێککەوتنە کە لە چوارچێوەی بودجە کراوە، دووەم دەبێت حکوومەت وەک خۆی ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات، بەداخەوە کۆمەڵێک کەسی گێرەشێوێن ھاتوون دەیانەوێت فەرزی ئیرادەی خۆیان بەسەر ھەردوو حکوومەت و ڕێککەوتن بکەن و ئەو زیادانەی کراوە لەدژی ھەموو پرەنسیب و ڕێککەوتنێکە کە کراوە و لەدژی دەستووریشە ئەو زیادەی کردوویانە، من تێناگەم ئەوە کەی کاری لیژنەیەکە بڕیار بدات حکوومەت خۆی پارە بداتە ھەرێمی کوردستان، یان مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەک بکات مادام ئێمە پەرلەمانمان ھەیە و یاسامان ھەیە بەپێی ژمارەی پارێزگا و ھەرێمەکان بودجە دابنرێت ئەو پارەی کە باسی پارێزگا غەیرە پابەندییەکان کراوە ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ھەرێمەکان لە چوارچێوەی یەک پاکێجە ئەرکی ھەرێمەکانە چۆن مامەڵە لەگەڵ بودجە بکەن و چۆن ئیدارەی خۆی دەدات و بابەتی ئەو بیرە نەوتانەی لە چوارچێوەی کەرکووک و مووسڵن، ئەمە کاری لیژنە نییە کە ئەو بیرە نەوتانە ڕابگیرێت، یان نا، کاری لیژنە ئەوەیە کە سەرچاوەی داھات زیاد بکات، نەک وەک ئەمە کە دەیانەوێت داھات کەم بکەنەوە.
شێروانی، ڕاشیگەیاند: داواکاریی ئێمە ئەوەیە ئەو پڕۆژەیەی لە حکوومەت ھاتووە ئەوە جێبەجێ بکرێت و حکوومەت لایەنی جێبەجێکارە و ئەو بڕیار دەدات کە دەتوانێت ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات یان نا. بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقەکەی حکوومەت، چونکە لە ڕووی واقعییەوە ئەوان جێبەجێی دەکەن، ئەگەر بڕیارەکانی لیژنەی دارایی ھەڵنەوەشێنەوە دەنگ لەسەر بودجە نادەین، کە بڕیارە پێش ١٠ـی ئەم مانگە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان و پەسەند بکرێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: چەندین کۆبوونەوە کراون لەسەر بودجە، بەتایبەتی لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم لەسەر ماددەکانی ١٣ و ١٤، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەر ئەو شێوازەی کە لە حکوومەتەوە ھاتووە، چونکە ئەوەی لە حکوومەتەوە ھاتووە، لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت نووسراوەتەوە.