سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ژینگەی كوردستان؛ گەورەترین سەرمایە و سیاسەتی ژینگەییی کابینەى نۆیەم

حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، لەم کابینەیەدا گرنگیی زیاتریان بە بواری ژینگە داوە و، بۆ ئەو مەبەستەش دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگەى حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بەرنامە و سیاسەتی ژینگەیی پەیڕەو کردووە. عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەى ناوبراو، لەمبارەوە بۆ فەرمانگەى میدیا و زانیارى دواوە.

سیاسەتی ڕۆشنبیریی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگەى حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “په‌یامی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دروشمی: «ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە»، هەموومانی پابەند كردووە بۆ برەودان بە ڕۆشنبیریی ژینگەیی و كەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان”.
عەبدولڕەحمان سدیق، دەشڵێت: ” دەستەی ژینگە بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی ڕۆژی ژینگە، تەنیا ڕۆژێك نەبێت بۆ باسی ژینگە، بەڵكوو كار دەكات بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژەكانی ساڵ ببنە ڕۆژی ژینگە و ئەم بۆنەیەش ببێتە دەروازەی بیرخستنەوە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەپارێزیدا و سەرنجڕاكێشانی بڕیاردەران بە لای پرسەكانی ژینگەدا و بایەخ پێدانێكی باشتر بە ژینگە”.

ژینگەپارێزی؛ یەک ئامانج و چەندین پرۆژە
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، راشیگەیاند: “بۆ بایەخدان بە ژینگە، هەوڵ زۆرە بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانەی دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی کەشوهەوا، لە نموونەی ئەوانە: بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و ئاو و با، دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی، باڵەخانەی ژینگەیی ناسراو بە بیناكردنی سەوز، دامەزراندنی پارێزراوە سروشتییەكان و پاراستنی فرەجۆریی زیندەوەران (بایۆدایڤێرسیتی)، پرۆژە بچووكەكانی تایبەت بە لاوان و ئافرەتان لە بواری ئەو كارانەی، كە شوێنەواری گۆڕانكاریی کەشوهەوا كەم دەكەنەوە، بەكارهێنانەوە (ڕیسایكلینـ)ـی ئاوی قورس و پاشەڕۆكان، سەوزكردنی شار و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی، پاڵاوتنی نەوت بە تەكنۆلۆژیای نوێی ناسراو بە تەكنۆلۆژیای سەوز، پرۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری دابینكردنی وزەی خاوێندا، کەمکردنەوەى زیانەکانی بەنزین و کارکردن بە گواستنەوەى گشتی و سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ”.
هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهانیی گۆڕانی كەشوهەوایە
لە بارەى گرنگیی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەى جیهانیی گۆڕانی کەشوهەوا، عەبدولڕەحمان سدیق گوتی: “دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و بە سەرپەرشتیی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان، لە وۆركشۆپی ئاستی باڵای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021 بۆ دیاركردنی ئاستی خواستی عێراق لە بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان، بەشدار بووە”.

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ئاماژەشی بەوەکرد کە، لەو بەڵگەنامەیەدا عێراق و هەرێمی كوردستان، پابەندبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن، بۆ دیاریكردنی توانا و هەوڵەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ماوەی ١٠ ساڵی نێوان 2021 هەتا 2030، بە مەرجی سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا، بۆ ئەوەی ئەم كارانە بکەن: كەمكردنەوەی بڕی گازە دەردراوەكان هۆكاری گەرمی بە ڕێژەی 1% تا 2% بە هەوڵی ناوخۆیی، كەمكردنەوەی گازە دەردراوەكانی هۆكاری گەرمی بە ڕێژەی 15% بە هاوكاریی نێودەوڵەتی، داواكردنی یارمەتیی دارایی بۆ عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە گوژمەی ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ ماوەی هەر ١٠ ساڵەكە، بەرهەمهێنانی بڕی 12 مێگاوات كارەبا لە سەرچاوەی وزەی خاوێنەوە”.


فەرمانگەى میدیا و زانیارى