ئاگادارییەک لە هاتووچۆی هەولێرەوە

هاتووچۆی هەولێر کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە، بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە ژمارە کاتییەکان دەتوانن نوێنەری خۆیان بنێرن.

لە راگەیەندراوێکدا هاتووچۆی هەولێر سەرجەم کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە: “بۆ تۆمارکردنی ئوتومبێلە (ژمارەکاتی)یەکانیان، دەتوانن نوێنەری کۆمپانیا بنێرن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانی تۆمارکردن،و ئۆتۆمبێلەکان نەهێنن بۆ بارەگای هاتووچۆ بۆ لێدانی تابلۆ، لەجیاتی ئەوە تەنها تابلۆ (ژمارەکاتی)یەکانیان لەلابێت”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “لە دوای تەواوکردنی مامەڵەکانی تۆمارکردن و دانی سەرجەم رسوماتەکان، کارمەندێکی بەشی تابلۆکان لەگەڵیان دەچێتە شوێنی ئۆتۆمبێلەکانیان، بۆ بەستنی تابلۆ هەمیشەییەکان بۆیان، بەمەرجێک ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان لە (10)دانە کەمتر نەبێت، کە ئەو کارە ئاسانکاریەکی گەورەیە و تێچووەکان و قەرەباڵغیش کەم دەکاتەوە لەسەر رێگایەکان”.