سوپای عێراق بە نووسراوی سەردەمی ڕژێمی بەعس، دەیەوێت زەوی جووتیاران بکات بە سەربازگە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چەند گوندێکی دەوروبەری کەرکووک، سوپای عێراق دەستی بەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورددا گرتووە و بە زۆر زەوییەکانیان داگیرکردووە و دەیانەوێت بیانکەن بە سەربازگە، لەکاتێکدا سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ـدان و نابێ حکوومەت دەستیان بەسەردا بگرێت. جووتیارانی کەرکووک، دەڵێن: دەستبەرداری زەوییەکانمان نابین، ھەر بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ دژی ئەو بڕیارەی سوپای عێراق خۆپیشاندان دەکەین.

فیرقەی ١١ی سوپای عێراق بەنووسراوی فەرمی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکی ئاگادار کردۆتەوە کە ڕووپێوی بۆ ئەو زەویانە بکەن کە موڵکی جووتیاری کورد و تورکمانن، لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا کراون بەناوی وەزارەتی بەرگرییەوە تاکو بگەڕێنرێنەوە، جووتیارانی کورد و تورکمانیش، دواین ئاگادارکردنەوەیان بە وەزارەتی بەرگری داوە و دەڵێن، ئەمڕۆ یەک شەممە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە کەرکووک دەکەن و ڕێگەنادەن زەوییەکانیان بکرێتە سەربازگە.
لیژنەیەکی باڵای سەربازی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ڕووپێویکردنی زەوییەکان ھاتووەتە گوندی تۆپزاوا، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە پێش چەند ڕۆژێک دەرچووە، فەرماندەی فیرقەی ١١ی سوپای عێراق داوای لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک کردووە ڕووپێوی لە زەوییەکانی کەرتی ٢٣ی کەرکووک و ٢٤ی تۆپزاوا دەست پێبکەن، فەرمانگەی کشتوکاڵیش لایەنەکانی ڕاسپاردووە کە ڕووپێوی بۆ ئەو زەویانە بکەن، کە زیاتر لە ١٣ ھەزار زەوی دەبن. تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن. سوپای عێراق گوشاری بۆ ھێناون و داوای لێکردوون نەک تەنھا واز لە زەوییەکانیان بھێنن، بەڵکو گوندەکەش چۆڵ بکەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی پرسی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک دەکات و ھەوڵەکانی ئیدارەی کەرکووک بە مەترسییەکی گەورەی تەعریب دەزانێت.
لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، عەرەبە ھاوردەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بە پاڵپشتی ھێزە عێراقییەکان زەوی جووتیارانی کورد داگیر دەکەنەوە، جووتیارانی کوردیش سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام دادگە ھیچ بڕیارێکی لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد نەداوە.
جووتیارانیش دەڵێن، بە ئێمەیان گوتووە دروێنەی خۆتان تەواو بکەن پاش دروێنە دەستی بەسەردا دەگرین و لێ ناگەڕێن چی دیکە ئەو زەویانە بکێڵن، بۆیە داوا دەکەین پەرلەمانتارانی کورد و حکوومەتی ھەرێم بێنە سەر خەت و لێ نەگەڕێن سوپای عێراق ئەو زوڵمەمان لێ بکات. ھەروەھا دوا ھۆشداریمان بە وەزارەتی بەرگری عێراق داوە و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کەرکووک دەکەین، دەڵێن، ئیدارەی کەرکووک دەستی ھەیە لەو پێشێلکاریانە ھۆشداریش دەدەنە سەرۆکایەتییەکانی عێراق بارودۆخەکە لە کەرکووک لە لێواری تەقینەوەدایە. سەباح غەفوور، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەنھا لە تۆپزاوا نزیکەی ١٣٥ ھەزار دۆنم زەوی، لە ساڵی ١٩٧٥وە بە بڕیاری ڕژێمی بەعس داگیرکراون و ئێستەش دەیانەوێت کار بەو بڕیارە بکەن، داوا لە ھەموو لایەنێک دەکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە ھاوکارمان بن، بۆ ئەوەی ڕێگە بە داگیرکردنی زەوییەکانیان نەدرێت.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو تەعریبەی ئێستە بە سیستەم دەکرێت، لە سەردەمی بەعسدا نەبوو، عەرەبی ھاوردە بە ئاشکرا زەوی داگیردەکەن و تا وای لێھاتووە ھێزی عێراقی بەشداری دەکەن، ھاوشێوەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر ھەروەکو چۆن کەرکووکیان داگیرکرد، ھەموومان لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە، ھەروەھا خودی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ھێڵە بۆ چارەکردنی کێشەکانی جووتیارانی کورد.