دڵنیایی دەدرێت لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پشکی هەرێم

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق چەندین ڕێککەوتنی جۆراوجۆریان ھەیە، گرنگترینیان ڕێککەوتنی پێکھێنانی کابینەکەی محەممەد شییاع سوودانییە، تا دەگاتە ڕێککەوتن لەسەر نەوتی ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای بودجە، بەڵام وەکو ھەمیشە ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی گرفت بۆ ڕێککەوتنەکان دروست بکرێت، پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەمێنێت، حکوومەتی ئێستەی عێراقیش ھەڵدەوەشێتەوە.

دوای پەسەندکردنی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ــی پڕۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە داھاتی نەوت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ڕەتکرایەوە، بەھۆی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەکەی سوودانی و ڕێککەوتنی واژووکراوی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدراڵییە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ھاتووە، ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە ڕێکەوتی ٢٥-٥-٢٠٢٣ دژی ھەرێمی کوردستان، لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کراون، نادەستووریین و دژی ڕێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵییە و ھەروەھا دژی پڕەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکوومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیە کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو ھۆڵی پەرلەمان، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داھاتی نەوت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
لە ئێستەدا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ پەسەندکردنی بودجە، لە ھەموو حاڵەتەکان دەبێت تا پێنج شەممە بودجە پەسەند بکرێت، چونکە دوای پێنج شەممە پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات.
د. نزار موسا، چاودێری سیاسی، گوتی: گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە و ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەمێنێت، حکوومەتی ئێستەی عێراقیش ھەڵدەوەشێتەوە، بەڵام کێشەکان لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئەوەندە قوول نین، ئەو بەشە بودجەی کە بۆ ھەرێم دانراوە باشە، بەڵام ھەندێک پەرلەمانتار ڕق ھەڵدەڕێژن بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، بەڵام با ئەوان باش بزانن تێکدانی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بارودۆخی عێراقیش دەبێت.
دەشڵێ: لە کۆی ١٤٤ ماددەی دەستووری ٢٣ ماددە مافەکانی ھەرێمی کوردستانی دەست نیشان کردووە، ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کراوە، بۆیە ئەرکی ھەردوو لایە پابەندی دەستوور بن، ئەگەر ئەوە نەکرێ ئاکامی باش چاوەڕێی عێراق ناکات، چونکە ئەگەر کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور چارە نەکرێن ھێزەکان دەکشێنەوە، ئەو کاتە کێشە بۆ حکوومەتی عێراقیش دروست دەبێت، ئەو کات دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ھەڵبژاردن و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە حکوومەتێکی دیکە دروست بکرێت، ئەوەش وا دەکات کێشە بۆ عێراق دروست بێت، بۆیە دەبێت ھەموو کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور چارە بکرێن، ئەوەش ھەم لەبەرژەوەندی عێراق دەبێت، ھەمیش لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ھەر کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا باش بن، چەند لایەنێک ھەوڵی تێکدانی ئەو پەیوەندییە دەدەن. ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەو کێشانەی ئێستە ھەیە بەھۆی دەستکاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بەرێگەی سیاسیی، یاسایی و دەستووریی چارەدەکرێت و ئێستەش گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەو مەبەستە.
ڤیان دەخیل، ڕوونیکردەوە، دوای ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی کرا، چەند ڕێککەوتنێک لەنێوان ھەولێر و بەغدا کران کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو پابەندییەکانی ئەستۆی خۆی جێبەجێکردووە و لەسەر بنەمای دەستووریش ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە، ھەموو ئەو گۆڕانکاری و پێشێلکارییانەی لە مافەکانی کورد دەکرێت، ڕەتدەکاتەوە و ناکرێت ھیچ ھەنگاوێک پێچەوانەی ئەوانە لەدژی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەدا ڕێککەوتن کراوە، بەڵام دەستکاری کردنی بڕگەکانی ماددەی ١٣ و ١٤ بودجە پلانێک بوو دژی ھەرێمی کوردستان. دەشڵێ: لایەنەکانی پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا شکست پێ بھێنن، تا لەو ڕێگەیەوە کابینەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، شکست بھێنێت.
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان پشتیوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و کابینەکەی محەمەد شییاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن، لەبارەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، ئێمە زۆر زووتر داوای گەڕاندنەوەی مووچەی فەرانبەرانی ھەرێمی کوردستانمان لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە و داواشمان کردووە بەسەریەکەوە بدرێتەوە، نەک بە ڕێژە و قیست.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکوومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکوومەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە، وردەکاریی ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق خستنەڕوو، ڕامانگەیاند پابەندی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەین کە لەگەڵ کابینەکەی محەممەد شییاع سودانی کراوە، چونکە بە ئیرادەیەکی ئازادانەی ھەردوو لا بۆ چارەکردنی کێشەکان کراوە.