‎نادیە موراد سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ڕزگاركردنی شەش هاووڵاتیی ئافرەتی ئێزیدی

‎نادیە موراد، چالاكوانی مافی مرۆڤ و هەڵگری خەڵاتی نۆبێل، سوپاسێكی تایبەت بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی دەردەبڕێت بۆ ڕزگاركردنی شەش ژن و كچی ئێزیدی كە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە گەڕێندرانەوە باوەشی خانەوادەكانیان لە كوردستان.
‎نادیە موراد كە لە دۆزینەوە، بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی ئەم شەش هاووڵاتییە ئێزیدییە ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووە، لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت: ”ڕزگاركردنەكە بەبێ سەرۆك هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی نەدەكرا. لەڕێگەی دامەزراندنی ئۆفیسێكی تایبەت بە ڕزگاركردنی ژن و كچی ئێزیدی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان یارمەتییەكی زۆری ئەو ئێزیدییانەی داوە تا لە دەستی داعش ڕزگاریان بێت.”
‎ئەم شەش هاووڵاتییە ئێزیدییە كە سەرجەمیان ئافرەتن، لە ٢٠١٤ دا لەلایەن داعشەوە لە عێراقەوە بەرەو سووریا ڕفێندران.
‎نادیە موراد هەروەها دەڵێت: هەر شەش هاووڵاتییە ڕزگاربووەكە لە ڕێگەی ئاسمانەوە گەڕێندرانەوە هەولێر و لەوێ هەموو هاوكارییەكی پێویستیان بۆ ئەنجام درا.
‎شایانی باسە هەرلە سەرەتای كارەساتی كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی هاووڵاتییانی ئێزیدیدا لە ٢٠١٤، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ”نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدی” دامەزراند و لەڕێگەی ئەم ئۆفیسەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠٠ ڕفێندراوی ئێزیدی ڕزگار كراون و گەڕێندراونەتەوە باوەشی كەسوكارەكانیان.