نادیه‌ موراد: شه‌ش ژنی دیكه‌ی ئێزدی رزگاركران

نادیه‌ موراد له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌‌ تویته‌ر نووسیوویه‌تی: “دوای چەند هەفتەیەک لە بەدواداچوون و کارکردن، بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم، توانرا شەش ژنی ئێزدی له‌ ژێر ده‌ستی داعش ئازاد بکەین”.

ده‌شڵێت: “ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی نووسینگه‌ی تایبەت بە رزگارکردنی ژن و کچە رفێنراوەکانی ئێزدی له‌ سەرۆکایه‌تی هەرێمی کوردستان نه‌بووایه‌، ئه‌و شه‌ش ژنه‌ ئێزدییه‌ لە دیلێتی داعش رزگارنه‌ده‌كران”.

نادیه‌ موراد باسی له‌وه‌شكرد، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 بە دیل گیران، ئەو شه‌ش ژنه‌ ئێزدییانه‌ منداڵ و هەرزەکار بوون و لە دەرەوەی عێراق و سووریا بازرگانییان پێوەکرا، بەیانی ئەمڕۆ شەممە رزگارکران.

رۆژی (3ی ئاب/ئۆگێستی 2014)، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی شنگال و ناوچه‌كه‌یان كرد.

له‌و هێرشه‌دا، تیرۆریستانی داعش زیاتر له‌ 6500 ئافره‌ت و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر له‌ 350 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 2500 ئێزدیش تاكو ئێستا بێسه‌روشوێنن.

رۆژی 13ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2015)، له‌ ئۆپراسیۆنێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، شنگالی له‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش ئازادكرد