نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئەردۆغان دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان وەکو سه‌رۆککۆماری تورکیا، گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌.

ئەمڕۆ شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به‌ بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداریکردن له‌ رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، وەکو سه‌رۆککۆماری تورکیا، گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌.

ئاماژە بەوە دراوە، نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ده‌یان‌ سه‌رۆک و سه‌رکرده‌ و به‌رپرسانی باڵای وڵاتان، به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان له‌ خولی تازه‌ی سه‌رۆکایه‌تی و ئێواره‌خوانێکدا ده‌کات که‌ به‌بۆنه‌ی سوێندخواردنییه‌وه‌ ساز ده‌کرێت.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن 84.15% بووە.