وەزیری ناوخۆی ئێران ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکە، هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە گرنگ وەسف کردوو و جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە.

وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند: ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەموو ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی لە هەموو بوارەکانەوە پێشکەشی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراقیان کرد لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هەر لە دابینکردنی ئاسایش و گواستنەوە و مانەوەیان لە هەولێر، بۆ ئێمە مایەی سەرسامی بوو لەو هەموو خزمەتەی پێشکەش بەهاووڵاتییانمان کرا، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارێزگاری هەولێر دەکەین.

پاشان پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: وێڕای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبووانی کۆبوونەوە، گفتوگۆمان لەبارەی بەرەوپێشوەبردنی پەیوەندییەکان کرد، سەبارەت بە هاتنی زیارەتکارانیش هەروەک وەزیری ناوخۆ ئاماژەی پێ دا، پارساڵ وەک ئەزموونی یەکەم (70 تاوەکو 80 هەزار) زیارەتکار لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراقیان کرد، بۆ ئەمساڵ هەردوولامان هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، تاوەکو نزیکەی (500 هەزار) زیارەتکاری ئێرانی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بکەن.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە وێڕای ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختمان لە پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان کردەوە کە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکیان لەو پەیوەندییە هەیە، خواستی حکوومەتی هەرێم و ستراتیژیەتی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان خستەڕوو، بەوهیوایەی ئەو کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکانی داهاتووشمان لەگەڵ یەک سوودی زیاتری هەبێت بۆ هەردوولامان