بە سەرپەرشتی پارێزگارانی هەولێر و ئورمییە کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمییە) کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی زیاتری جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ بەئامادەبوونی جێگری وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و نەسرووڵا ڕەشنوودی سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران و شاندى باڵای هەردوو پارێزگا ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا وێڕای ئەوەی تەئکیدیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری کردەوە، هیوایان خواست پەیوەندییەکانی نێوانیان گەشەی زیاتری پێ بدرێت.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و ئورمییە، کە بە هۆیەوە توانراوە جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و گەشتیاری لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچین پێشوەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینینێ، لەوبارەیەشەوە بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا هەردوو پارێزگاری هەولێر و ئورمییە، کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەو رێککەوتنە و چارەسەرکردنی هەر کەموکوڕی و کێشە و گرفتێک هەبێت.

پاشان باس لە داڕشتنی میکانزمێک کرا بۆ ئەوەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوندێکی بازرگانی گرنگ بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی کەلوپەلی ئێرانی بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق و ناوچەکانی تر، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیش بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێران لەڕێگەی مەرزی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین و مانەوەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێم و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، پارێزگاری هەولێر هەموو ئامادەکارییەکی نیشان دا.

دواتر د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک وێرای پاڵپشتی سەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پارێزگای دهۆکی نیشان دا بۆ هاریکاریکردنی هەردوولا و داواشی کرد هەردوو پڕۆژەی ئاوی هایدرۆپاوەری دێرەلووک و ئاوی ئاکرێ، کە دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگن بۆ هاووڵاتییان و لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، چیتر دوانەخرێت و دەست بەکارەکانی بکرێتەوە و بۆ تەواوکردنیان.

لە خاڵێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، پرسی کردنەوەی دەروازەی سنووری “سیدەکان، کێلەشین و قاسمەڕەش” خرایەڕوو و تەئکیدیان لەهەموو ئامادەکارییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا هاوڕابوون دەستبکرێت بە داڕشتنی میکانزمێک بۆ کردنەوەی ئەم دوو خاڵییە سنوورییە، کە جگە لەسوود گەیاندن بە هاووڵاتییانی ناوچەکە، لە ڕووی جوڵەی بازرگانیشەوە سوودێکی زۆری بۆ هەرێم و وڵاتی ئێران دەبێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پارێزگاری ئورمییە و پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەبارەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران، هەردوولا جەختیان لە بەرەپێشبردن و باشترکردن جوڵەی بازرگانی لەسەرجەم خاڵە سنوورییەکان کردەوە.