لێخۆشبوونی كرێی بەستنی پێوەری ئاو تا ٢٠ ڕۆژی دیكە بەردەوام دەبێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستووە، بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆری كرێی بەستنی پێوەری ئاوی دا و بڕیارەكەش تا ٢١ى حوزەیرانی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.

بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان یەک ملیۆن و ٣٠ هەزار و ٤٠٨ هەزار هاوبەشن و ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە ٨٥٠ هەزار و ٣٣٠ هاوبەشن. بە گشتی ڕێژەی بەستنی پێوەر تا ئێستا گەیشتووەتە ٨٢% و بڕیاری لێخۆشبوونیش تا ٢٠ ڕۆژی دیكە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

کرێی بەستنی پێوەر لە ناوەندی پارێزگەکان بۆ ٢٠ هەزار دینار داشكێنراوە و لە قەزا و ناحیە و کۆمەڵگەکان و ئەو شوێنانەی كە پێویستە پێوەری لێ ببەسترێت بۆ ١٠ هەزار دینار داشكێنراوە.
فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو داوا لەو هاوبەشانی ئاو دەكەن كە پێوەریان نییە، تا دەرفەت ماوە سەردانیان بكەن و مامەڵەی لێخۆشبوون لە كرێی بەستنی پێوەر بكەن.