ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان پشتیوانیی سەربازیی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە

ڕۆژی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٣، شاندێکی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی کۆڵۆنێڵ پاس، ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن لیوا روکن یوسف مامک، بەرپرسی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوبەری حەرەکاتی سەربازی و بەڕێوبەری گەیاندن پێشوازی لێ کرا.

لە دیدارێکدا کە لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە چوو، گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگیی زیاتر و بەرەوپێشبردنی بەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی ڕێنماییەکانی پرۆژەیاسای چاکسازی و بە هاوکاریی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کرا.

هەر لەو دیدارەدا شاندی سەربازیی هاوپەیمانان دڵخۆشیی خۆیان بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی پێشمەرگە لە پرسی چاکسازیی هێزەکان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەش دا “هەنگاوەکانی وەزارەت لە پرسی چاکسازی و یەکگرتنەوەی بەشێک لە یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگە، جێگەی دڵخۆشیی هەمووانە و ئەمەشی بە هەنگاوێكی گرنگ و پێویست زانی بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها لە پرۆسەی چاكسازی و مه‌شق و ڕاهێنانه‌كاندا هاوکاری و پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.”