نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی رابردوو (مانگی 5) كەمترینی 4 هەزار و 750 دینارە و بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 5ی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان 4 هەزار و 750 دینار 6 هەزار و 750 دینارە.”
ئاماژەی بەوەش دا: ”بە گشتی مۆلیدەكان 90 بۆ 125 كاتژمێر كارەبایان داوە، هەندێكیش هەیە لە سەرووی 150 كاتژمێر كارەبای داوە.”
بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك لەنێوان دوو هەزار و 750 دینار بۆ حەوت هەزار و 500 دینار بوو، مانگی ئاداریش، ئەمپێرێک كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لەنێوان هەشت هەزار بۆ 10 هەزار و 750 دینار بووە، بۆ مانگی شوباتیش هەر ئەمپێرێك کارەبای مۆلیدە لە هەولێر لەنێوان 13 هەزار و 250 دینار بۆ 17 هەزار دینار بوو.
لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ئاشکراشی کرد: ”لەگەڵ قایمقامی هەولێر لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی لەبەر هاتنی گەرما و تاقیكردنەوەكان، كارەبای مۆلیدە بكەینە 24 كاتژمێری، واتا هەركات كارەبای نیشتمانی بڕا، ئەوا مۆلیدەكان كار بكەن.”