دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەمڕۆ لە کوێستانی گوندی زینوە لە سنووری حاجی ئۆمەران، بەهۆی پێداتەقینەوەی مین، هاووڵاتییەک بە سەختی بریندار بوو 

راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر رایگەیاند: کاتژمێر 3ی دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشەم هاووڵاتییەک بە ناوی (مامۆستا وەلی قادر) لە کوێستانی (مێرگەدرێژان)ی سەر بە گوندی زینوەی سنووری شاره‌دێی حاجی ئۆمەران بەر مین کەوته‌وە و بە سەختی بریندار بووە.

راشیگەیاند: لە نەخۆشخانەی چۆمان چارەسەری سەرەتایی بۆ مامۆستا برینداره‌كه‌ دەکرێت و دواتر بەرەو یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر دەگواسترێتەوە.

بەپێی ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر ته‌نیا ئەمساڵ ئەمە چوارەم رووداوی مینە لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕوویانداوە کە تیایدا هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و سێ هاووڵاتی دیکەش کەمئەندام بوونە.