د. جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:”نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و کابینەکەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن.”
لەبارەى گەڕاندنەوەى پاشەکەوتی مووچەشەوە ڕایگەیاند: “ئێمە زۆر زووتر داواى گەڕاندنەوەى مووچەى فەرانبەرانی هەرێمی کوردستانمان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە و داواشمان کردووە بەسەریەکەوە بدرێتەوە، نەک بە ڕێژە و قیست.”
پاش ئەو گۆڕانکارییە تاکڕەوانەی لیژنەى داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پڕۆژەیاساى بودجە دژى هەرێمی کوردستان کردیان، ڕۆژى سێشەممە، ٣٠ى ئایارى ٢٠٢٣، فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ئامادەبوونی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و د.جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەو پێشهاتانە کرد.
گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: “لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکومەت، فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و گوتەبێژى حکومەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە، وردەکاریی ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق خستنە ڕوو؛ تێیدا ڕامانگەیاند پابەندی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەین کە لەگەڵ کابینەکەى محەمەد شیاع سودانی کراوە، چونکە بە ئیرادەیەکی ئازادانەى هەردوو لا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە.”
لەبارەى هەڵوێستی نوێنەرایەتیی وڵاتان لەوبارەوە دەڵێت: “خۆشبەختانە نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و دۆستانی کورد، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم بوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ چارەسەرە دەستوورییەکان لە نێوان هەردوو لادا دووپات کردەوە.”
د.جوتیار عادل ڕاشیگەیاند: “پڕۆژەیاساى بودجەی عێراق ماف و ئەرکەکانی هەردوولا بەپێی دەستوور دەستنیشان بکات، نەک بەو پێشێلکاریانە. هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان هێزەکان هەبێت، پێویستە ڕەنگدەرەوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، چونکە ئەمە ڕێککەوتنی نێوان دوو حکومەتە نەک نێوان دوو کەس. لەبەر ئەوە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ عێراقدا.”
لەبارەى هەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی لەسەر ڕێککەوتنەکە، ڕایگەیاند: “سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەوەیە ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆى جێبەجێ بکرێت و خواستێکی بەهێزى بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەیە.”
لەبارەى پرسی گەڕاندنەوەى مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی کوردستان و ڕێگەدان بە خودی پارێزگاکان بۆ هەبوونی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بە حکومەتی فیدراڵەوە، د.جوتیار عادل ڕایگەیاند: “ئێمە لەگەڵ هەر هەنگاوێکین بۆ دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام قەوارەى هەرێمی کوردستان لای خەڵک لە پێش هەموو شتێکەوەیە. لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو هەموو مووچەیەى حکومەتی عێراق لە فەرمانبەرانی بڕیوە، لە هەموو پڕۆژەیاسایەکی بودجە جێگیر کراوە کە باس لە گەڕاندنەوەى ئەو مووچانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات؛ داواى ئێمە ئەوە بووە هەمووی بەسەر یەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە نەک بە ڕێژە و قیستی ساڵانە. بەداخەوە ئەوەش بۆ موزایەدە و دەستکەوتی سیاسی بەکار هێنراوە. ئێمە نەک بۆ گەڕاندنەوەى مووچە، بەڵکوو داواى قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید و ئەنفالکراوانیشمان کردووە کە ڕژێمی پێشوو بەو تاوانانە هەستاوە. ئەوەش لە ماددەى ١٣ى پڕۆژەیاساى بودجە جێگیر کراوە. بۆ ئەمەش دیوانی چاودێریی هەردوو لایەنەکە بۆ سەرپەرشتیی ئەو کارە و پاکتاوکردنی پرسە داراییەکان ڕاسپێردراون.”
لەبارەى هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر بڕیارى دادگەى فیدڕاڵی بۆ ڕەتکردنەوەى درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند: “وەک حکومەتی هەرێمی و سەرۆکی حکومەتیش، ئامانج ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، پاڵپشتیی بڕیاری سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێمە؛ چونکە هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ نوێکردنەوەى شەرعییەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پێشخستنی حوکمڕانیی باش.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری