ئەشواق جاف: هێزێک هەیە نایەوێت ئەم حکومەتەی عێراق بەردەوام ببێت

ئەشواق جاف، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن لیژنەی داراییەوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەن گەڕێندراونەتەوە بۆ مادد ئەسڵییەکانی خۆیان.

راشیگەیاند، بە ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەریخست کە نایەوێت پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت: ئەوەی کە کرا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گۆڕانکارییەکی نادەستووریە، چونکە ئەو دەسەڵاتەی بەپێی ماددەی 117 درابووە قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەم گۆڕانکارییانە لێی سەندراوەتەوە.

ئەشواق جاف روونیکردەوە، هەندێک کەس وادەزانن گۆڕانکارییەکانی رەشنووی بودجەی عێراق تەنیا ئامانج لێی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە راستیدا گۆڕانکارییەکان پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە پێیان دەڵێت: هێزێک هەیە نایەوێت ئەم حکومەتەی عێراق بەردەوام ببێت.