فەهمی بورهان: لیژنەیەکی پارێزەرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاردراوە لیژنەیەکی پارێزەرانی هەرێم سەردانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بکات بۆ ئەوەی لەڕێگەی یاساییەوە ئەو کێشانەی رووبەڕووی جووتیارە کوردەکان دەبنەوە چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک یاساناسی هەرێم و نوێنەرەیی یاسایی سەرجەم حزبە سیاسییەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشانەی رۆژانە رووبەڕووی جووتیارە کوردەکانی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

وەکو ئەوەی فەهمی بورهان ئاماژەی پێ دا، ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بووە، بە شێوەیەکی یاسایی قسە لەبارەی کێشەکانی ئەو ناوچانە بکەن و لە ڕووی یاساییشەوە بتوانن کۆمەڵێک راسپاردەی گرنگ بدەنە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئەو راسپاردانە بکرێنە تەوەری گفتوگۆی نێوان هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ناوبراو ئاماژەی پێ دەدات، بڕیاردراوە لیژنەیەک لە پارێزەران لەسەر ئەرکی ناوچە کوردستانییەکان بۆ هەموو ئەو ناوچانەی ئێستا کێشەی زەویوزاریان هەیە بنێردرێت و راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ جووتیارەکان بکەن و “هەر دۆسیەیەک پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی حکومەتی هەرێم بوو، دەستەی ناوچە کوردستانییەکان هاوکارییان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن لە دادگاکان سکاڵا تۆمار بکەن”.

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاماجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بووە بۆ سەرجەم ئەو کێشانەی رووبەڕووی هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا یاساناسەکان پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەکان دەربڕیوە.

فەهمی بورهان گوتیشی، “هەر چەندە کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کێشەی سیاسین، نەک یاسایی، بەڵام دواجار هەموویان بەرگێکی یاساییان خراوەتە پاڵی، بۆیە ئێمەش بڕیارماندا لە ڕووی یاساییەوە کێشە جووتیارەکانمان لە ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر بکەین”.