پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قەرزە لەسەر حکومەتی عێراق

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی گوتارەکەیدا لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مێرگەسۆر، پەیامێکی لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجە و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەکرد و رایگەیاند، پاشەکەوتی مووچە قەرزە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و گۆڕانکارییەکانی بودجەش نادەستوورین و سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی ئایاری 2023)، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە رێککەوتنەکانی ئەم دواییەکرد لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی و رایگەیاند، لە پرسەکانی بودجە، نەوت و غاز و ناوچە کێشە لەسەرەکان گەیشتینە رێککەوتن بەڵام جارێکی دیکە چەند هەوڵێک هەیە بۆ کۆسپ خستنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و بە هیچ جۆرێک سازشناکەن لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە پێویستی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان کردوە بە رێککەوتنەکان و رایگەیاند، ئێمە داکۆکی دەکەین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی ئەنجامدراوە.

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ئەو بڕیارانەی لیژنەی دارایی ئەگەر جێبەجێ بکرێت دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ئەو خاڵانە نادەستووریین و بەشێک نین لەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی واژووکراوە.

سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە بووە لەلایەن بەغداوە، هەرچەندە کابینەی نۆیەم هیچ مووچەی پاشەکەوت نەکردووە و مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکردووە گوتی، ئێمەش دەڵێین دەبێت پاشەکەوتی مووچە بگەڕێتەوە کە ئەمەش قەرزێکە لەسەر حکومەتی عێراق و بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە مافەکانی هاووڵاتییان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، ئەم پرسە بە موزایەدە چارەسەرناکرێت و ئەگەر بەغدا کە ئەو قەرزەی لەسەریەتی بۆ مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دابینبکات، ئەوا بۆ فەرمانبەران دەگەڕێندرێتەوە و ئەگەر لە داهاتووشدا داهاتی پێویستمان هەبێت، پێویستمان بە بڕیاری بەغدا نییە بۆ گەڕانەوەی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران، چونکە ئێمە خۆمان خەمخۆری سەرەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانین و رێگەنادەین کەس لە مافەکانی خۆی بێبەش بێت.

هاوکات راشیگەیاند، دروستکردنی کارگەی هاوشێوەی کارگەی زۆم و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی، دەبێتەهۆی ئەوەی زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین و بێ منەت بین لە خەڵکیتر.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری نوێی له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و عه‌سائیب پێشنیازه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌رنه‌كراوه‌ لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.

زیاتر گوتی، “رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه‌، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه‌ گرت بەوەی كه‌ رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون”.

رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، “بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە”.

هاوکات رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان رەزامەند نەبووم، هەربۆیە کۆبوونەوەکە بەڕێوەناچێت بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.