پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

جوتیار عادل: حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی رێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکرێت

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان، رایگەیاند: “ئێمە بەردەوام لەو چوارچێوەیەداین کە پەیامی حکومەت وەک خۆی بگەنینە نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێ و بیانی و رای گشتی”.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پوختەیەکی لەسەر گەڕی دانووستان و ئاڵانگارییەکانی سەبارەت بەو پێشهاتە سیاسییانەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی هەرێم و بەغدا لە ئارادان، خستەڕوو.

جوتیار عادل راشیگەیاند، جەختیان کردەوە لەوەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویەتی، هەروەها بەردەوامیشە لە گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ حکومەتی عێراق.

گوتەبێژی حکومەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسەکەدا باسی لەوەکرد، ئەوان لەو بڕوایەدان، “حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی رێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکرێت”.

گوتیشی: دۆستەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ئەوەدان دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەدان ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم پێی وایە، بەهێزبوونی هەر یەکێک لە حکومەتی عێراق و هەرێم بەهێزبوونی حکومەتەکەی دیکەیە.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر هەر یەک لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەت لەگەڵ کونسوڵ و نووسینگە و نوێنەرایەتی وڵاتان کۆبوونەوە

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ماددەکانی 13 و 14ی تایبەیت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق و هەروەها گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی شایستە داراییەکان.