ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کراوە. دەڵێت: سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وایکرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بەخێرایی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە.
دوێنێ چالاکی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی (کێشەی دەروازە سنوورییەکان لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا بە هاوکاری دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر ساز کرا.
لەمیانی چالاکییەکەدا، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە “سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی، ئەو سیستەمە وایکرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بەخێرایی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە”
گوتیشی: داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەموو دەروازەکانی عێراق زیاترە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەروازەکانمان زۆر باشتر لە دەروازەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن”
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیشوکارەکانیان بەڕێ دەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە کاری دەستی ئیش و کارەکانیان دەکەن.
لەبارەی بوونی گەندەڵیش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی “بەرپرسانی حکوومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها سەدا 10ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باسدەکرێن، سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان”
ساماڵ عەبدولرەحمان چاکسازیی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە “کارێکی قورس” ناوبرد و دەڵێت، “دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت. بەرپەچدانەوەی گەندەڵی پێویستی بە بڕیاری قورس و بەرنامەیەکی پتەوە.”
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوونی دەروازەی نافەرمی لە هەرێم، رایگەیاند “زۆر جار لە ڕاگەیەندنەکاندا و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگوترێت هەرێمی کوردستان، دەروازەی نافەرمی هەیە، ئێمە دەروازەی نافەرمیمان نییە، شەش دەروازەی فەرمی بازرگانیمان هەبوو و بە کردنەوەی دەروازەی زێت، بوون بە حەوت دەروازە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن.”
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە “دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە تا وەکو ساڵی 2003 شادەماری یەکەمی داهاتی هەرێمی کوردستان بوون. ئەو داهاتەی لە دەروازە و گومرگەکان پەیدا کراوە، دەتوانم بڵێم، مووچەی پێ دابەشدەکرا و کاری دیکەشی پێ دەکرا. دوای ساڵی 2003 ئەو دەروازانە توانیویانە خۆیان لە پلەی دووەم بهێڵنەوە و داهاتی دووەمی شادەماری هەرێمی کوردتسان لە ئەستۆ بگرن.”