خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆمیسیۆن بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار لە دانیشتنێکی یاسایی دا کارا کرایەوە، بەپێی پەیڕەو ئەو دانیشتنە کرا، بەرنامەی کار ڕاگەیاندرا، ھەر بڕیار و یاسایەکیش لە ڕۆژنامەی فەرمی ھەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە، بڕیارێکی بەرکارە و دەبێت ھەموو لایەنەکان پێوەی پابەند بن و جێبەجێ بکەن، بۆیە ھەموو شتێک پەیڕەویی و یاسایی بوو و ئێستە ھیچ بۆشایەکی یاسایی نییە، کۆمیسیۆن وەکو دامەزراوەیەک ئەرکی ئەوەیە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: سەرۆکی پەرلەمان دەیویست کێشە بۆ دانیشتنی پەرلەمان دروست بکات و کۆبوونەوەکە بەردەوام نەبێت، بەڵام کاری سەرۆک پەرلەمان کارێکی نا پەیڕەویی بوو، بڕیارێکی تاک لایەنە بوو و، دەیویست بڕیاری خۆیی بەسەر زۆرینەدا بسەپێنێت، ئێمەش ڕێگەمان پێ نەدا، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەپێی ماددەی ٤٨ بڕگەی دووەم ئەگەر بابەتێک لەناو ھۆڵی پەرلەمان دوابخرێت دەبێت زۆرینەی پەرلەمان لەگەڵ بێت، ئەو کات ئەو بابەتە دوا دەخرێت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەیەکی تاکلایەنە بڕیاری دا، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەستەڵاتەکانی گرتە دەست و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەو بابەتەی خستە دەنگدان و زۆرینەی پەرلەمان لەگەڵ ئەوە بوون کە دانیشتنی پەرلەمان بەردەوام بێت، بەپێی ماددەی ١٩، بڕگەی یەکەم کاتێک سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبێت، جێگر دەتوانێت ئەوەی پێویستە بۆ کردنی دانیشتنی پەرلەمان و ھەر بابەتێکی دیکە بکات، بۆیە دانیشتنەکە بەردەوام بوو و بەزۆرینەی پەرلەمان کۆمیسیۆن کارا کرایەوە، لەگەڵ ئەوەش وەکو پەرلەمان تەنھا دەنگمان نەداوە کە ئەندامانی پارتی لە کۆمیسیۆن بەردەوام بن، بەڵکو دەنگمان بە ھەموو ئەندامانی کۆمیسیۆن داوە کە لە زۆربەی لایەنەکان پێکھاتووە، بۆیە کۆمیسیۆن دەتوانێت کارەکانی خۆی بکات، بەپێی یاسا، ئێستە ھیچ بۆشاییەکی یاسایی نییە، بەڵکو دامەزراوەیەک ھەیە بەپێی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤ سەرپەرشتی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکات و پڕۆسەکە بەڕێوە دەبات.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەداین ھەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و دوا نەخرێت، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی ڕابردووش بژاردەیەکی ناچاری بوو، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام ئێدی دەبێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و چی دیکە دوانەخرێت، مافی ھاووڵاتییانیشە کە بەشدار بن لە پرۆسەکە و نابێت ئەو مافە لە ھاووڵاتییان وەربگیرێتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە دواخستنی پرۆسەکە دەبێتە ھۆی لە کەدارکردنی ناوبانگی ھەرێمی کوردستان، ئەو کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەکو پێویست گرنگی بە ھەرێمی کوردستان نادات، بۆیە ھەموو ئامانجی پارتی ئەوەیە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت و دوانەخرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەشی گوت: بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن پارتی ئامادەیە، ھەر چەندە یاساکە ئێستە بێ کەموکورتییە و دەتوانین بە پشتبەستن بەو یاسایەی ئێستە ھەیە ھەڵبژاردن بکەین، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بیانەوێت ھەمواری بکەنەوە، ئەوا ئامادەین لەوبارەوە گفتوگۆ بکەین.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، زیاتر دەڵێ: ھەندێک لە لایەنەکان بە ئاشکرا دەڵێن، ئێمە لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بە کردار لەگەڵ هەڵبژاردندا نین و بەردەوام بەربەست دروست دەکەن، بۆ نموونە دانیشتنی پەرلەمان بۆ کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن، کە ھەندێک لایەن لەگەڵ ئەوە نەبوون کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان لەگەڵ ئەوە نین ھەڵبژاردن بکرێت.