وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی کراوەیی دەبێت و چوارشەممەی داهاتووش بڕە زیادەکە دەستنیشان دەکرێت، پاش ئەوەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم زیاد بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د.زێدا محەممەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتەکە لەگەڵ لیژنەی بازرگانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە لە وەزیر و بەپرسانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق پێکدێت، کۆبووەوە.
د.زێدا محەممەد کەریم راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە، حکومەتی عێراق ڕازی بووە ئەو بڕگەیەی کە باس لەوە دەکات، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت لابرا و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە شێوەی کراوەیی بەردەوام دەبێت.
بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، چوارشەممەی داهاتوو 31ـی ئایاری 2023، لیژنەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم، کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە، لەگەڵ شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی زیادکردنی بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.