چەند ئەندامێک لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکارییان کردووە لە ماددەکانی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسایی بودجە کە دژ بە خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ ھاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی ئەو دوو ماددەیە کۆدەبێتەوە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ڕێگە نادەین ئەو دوو ماددەیە بە ڕەشنووسە نوێیەکە پەسەند بکرێت، بەڵکو دەبێ بەوشێوەیە بێت کە ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لەسەری ڕێککەوتوون.
شارەزایانی بواری ئابووری و پەرلەمانتاران، دەڵێن: ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەر دوو حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندی کراوە، ڕێککەوتنێکی باشە و چەند لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، دوو ئەوەندە لەبەرژەوەندی عێراقە و سەقامگیری زیاتر پەیدا دەکات، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان پێوە پابەند بن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن بابەتی مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی ھیچ کات ڕوو نادات و تەنھا بۆ دروستکردنی گوشاری دەروونی و موزایەداتە، ئەگەرنا بەغدا ھیچ کات ناچار نییە مانگانە شەش سەد ملیار دینار بە خۆڕایی و بێبەرانبەر بداتە پارێزگای سلێمانی، بۆیە ئامانج لەو خاڵە تەنھا دروستکردنی لێکترازانە لەناو ماڵی کورد.
لەسەر داوای شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کارەکانی ڕاگیراوە، ھۆکارەکەش ئەوەیە کە ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە ٢٤ کەسە، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پێویستە ژمارەیان لە ٢٣ کەس زیاتر نەبێت، ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقە کە بەرزترین ژمارەی ئەندامانی لیژنە ھەمیشەییەکانی بە ٢٣ کەس دیاری کردووە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەر کاتێک ژمارەی ئەندامان بۆ ڕێژەی یاسایی کەمکرایەوە ئەوکات دەتوانن دەست بەکارەکانیان بکەنەوە، چونکە خۆی پێویستە ژمارەی ئەندامانی لیژنە ٢١ ئەندام بێت و دەتواندرێت دوو ئەندامیشی بۆ زیاد بکرێت ببنە ٢٣ ئەندام.
ھەردوو ماددەکە لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە ڕەوانەی لیژنەی دارایی کراون، بەڵام ژمارەیەک لە شۆڤێنییەکانی عێراق بە ھاوکاریی چەند ئەندامێکی کورد لەو لیژنەیە ھەوڵی ھەموارکردنەوەی دەدەن، بەجۆرێک ئەگەر بەو شێوەی ئەوان دەیانەوێت ھەموار بکرێتەوە، زیانێکی یەکجار زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەکەوێت.
د. زیاد حوسێن، شارەزا لە کاروباری ئابووری، دەڵێ: ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەر دوو حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندی کراوە، ڕێککەوتنێکی باشە و چەند لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، دوو ئەوەندە لەبەرژەوەندی عێراقە و سەقامگیری زیاتر پەیدا دەکات، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان پێوە پابەند بن.
د. زیاد حوسێن، دەشڵێ: ئەو مەرجانەی ئەندامانی لیژنەی دارایی لەناو پڕۆژە یاسای بودجە بەسەر حکوومەتی ھەرێم سەپاندووە پێچەوانەی دەستوورە، پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان ھەر دوو حکوومەت کراوە، دەبێت پێش ھەموویان لایەنە کوردستانییەکان، ئەندامانی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا ڕازی نەبن، نەک ھەندێک ئەندامی کورد لە لیژنەی دارایی ھاوکار بن و ئیمزا لەسەر ئەو مەرجانە بکەن، چونکە ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ بکرێن ئەوە وا دەکات قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێتەوە.
کامەران سیامەند، پسپۆر لە بواری ئابووری، ڕایگەیاند: ١٠% گەڕانەوەی پاشکەوتی مووچە، ئەوە فریودانی ڕای گشتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەمێنێت و ھیچ سەرچاوەیەکی دارایی نەبێت، لە ھەمان کاتیشدا ئەگەر ئەو مەرجانەی لەناو پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر کراون پەسەند بکرێن، حکوومەتی ھەرێم چۆن دەتوانێت ١٠%ی پاشەکەتی مووچە بداتەوە، ئەوە تەنھا بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکە ئەگەرنا ھیچ شتێکی دیکە نییە.
ئەو پسپۆرە، گوتیشی: بابەتی مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی ھیچ کات ڕوو نادات و تەنھا بۆ دروستکردنی گوشاری دەروونی و موزایەداتە، ئەگەرنا بەغدا ھیچ کات ناچار نییە مانگانە شەش سەد ملیار دینار بە خۆڕایی و بێبەرانبەر بداتە پارێزگای سلێمانی، بۆیە ئامانج لەو خاڵە تەنھا دروستکردنی لێکترازانە لەناو ماڵی کورد.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەندێک کەس و لایەن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دەکەن، ھەر بۆ ئەو مەبەستە دەستکاری ماددەکانی پڕۆژە یاسای بودجەیان کردووە، ئامانجیش لەوە نەمانی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، ئەوەش وا دەکات کێشەکانی ھەولێر و ناوەند زیاتر ببن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی گوت: ئەگەر ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت، عێراق توشی کێشەیەکی گەورە دەبێت، بەڵام گەشبینین و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە پیلانی ئەو ناحەزانە سەر ناگرێت و ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی ١٣ و ١٤ پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کران، زیادکردنی چەند بڕگەیەکی نایاسایی و ناسیاسی و نامەنتیقین، پەرلەمان دەنگی داوە بە حکوومەتەکەی محەمەد شییاع سوودانی و ئەم گرفت دروستکردنە بۆ کابینەکەی دەڕواتە قاڵبێکی نالۆجیکی و نابێت دژی حکوومەتێک بیت، خۆت دەنگت پێ داوە و کارنامەکەت بۆ پەسەند کردووە، ھەروەھا ناسیاسییە کورد و بەتایبەت پارتی لەناو ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردندا ڕێککەوتنی ھەیە لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، کەواتە ئەو ھەنگاوانەی نراون پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەیە ئەگەر لایەنەکانی پێکھێنەری حکوومەت نەتوانن ئەندام پەرلەمانەکانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و پێچەوانەی ڕێککەوتنە سیاسییەکە کار بکەن، ڕێکەتنەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
د. بەشیر حەداد گوتیشی: لەو بڕگانەی گۆڕانکارییان تێدا کراوە لە خاڵی ٢ی ماددەی ١٣ دەڵێ، حکوومەتی ھەرێم ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە ماددەی ١٤ ھاتووە و دەڵێ، بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان لەژێر دەستی حکوومەتی ھەرێم دەربھێندرێت، نیوەی کێڵگەکانی نەوتی لێ وەردەگرێتەوە و داواش دەکات ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، ئەمە کاردانەوەیەکی سیاسییە ھەندێک لە ئەندامەکانی لیژنەی دارایی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکوومەتی کوردستان و پارتی بەتایبەتی، تەنھا چارەش سیاسییە و دەبێ بەپەلە لە نێوان لایەنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ بکرێت، ئەم گۆڕانکارییانە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێ بدرێت و تێپەڕێت، ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت کراون، ھیچ بەھایەکیان نامێنێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: ئەمڕۆ ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی ئەو ھەوڵانە کۆدەبێتەوە کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ ھەموارکردنەوەی چەند ماددەیەکی پڕۆژەیاسای بودجە دراون، بەتایبەتی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی کە لە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ھەوڵی ھەموارکردنەوەیان دراوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا، دەڵێ: پەیامی سەرۆک بارزانی گەیشتووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی دیکەی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا، دەشڵێ: د. فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ھاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار دەبن.