دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئایاری 2023, لە شەقامی سەدمەتریی شاری هەولێر لە ڕووداوێکی تەقەکردندا هاونیشتمانییەک بە ناوی (شەهاب بێرسیاڤی) کوژراو و هاونیشتمانییەکی دیکەش بە ناوی (سەربەست شێخەمیر) بریندار بوو، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەست پێ کرد.
بە هەوڵ و ماندووبوونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، توانرا تۆمەتبارانی تەقەکەر دەستنیشان بکرێن کە پێکهاتبوون لە دوو کەس بە ناوەکانی (م. ه. إ) لەدایکبووی ساڵی1998 و (ب. س. إ) لەدایکبووی 1987، دوای هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و دەستنیشانکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان، لە گوندی ناوشێوان لە ناحیەی خەلیفان لە لایەن تیمەکانمان لە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ گەمارۆ دران و خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان کرد.
هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان و ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر ئەرکە و، تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
28ی ئایاری 2023