وەزیری دارایی: حکومەت پاشەکەوتی مووچەی کردووە بە قەرز و پلانی هەیە بیداتەوە

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت پاشەکەوتی مووچەی کردووە بە قەرز و پلانی هەتە ئەو قەرزە بداتەوە. دەشڵێت: ئەو کەسەی لە لیژنەی دارایی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی زیادکردووە خۆزگە بیری بوایە موزایەدەی نەکردبا و بڕی پارەشی بۆ دابینکردبا.

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “دوایین رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئەنجامی چەندین کۆبوونەوە بووە، ئەم رێککەوتنە لە ئەنجامی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو کە دروستبوونی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی لێکەوتەوە”.

وەزیری دارایی، گوتیشی: “ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو حکومەت و پڕۆژەیاسای بودجەی، ئەو رێککەوتنە کە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆکراوە، لە دەرەوەی ئەو رێککەوتنانە هەر دەستکارییەک لە پڕۆژەیاسای بودجە کرابێت پێچەوانەی یاسا و دەستوور کراوە، هەروەها بڕیارێک هەیە لە دادگای فیدراڵی کە ناسراوە بە بڕیاری ژمارە 35 ئەمەش رێگری دەکات لە دەستکاریکردنی ئەو ماددانەی بودجە کە لە حکومەتەوە نێرداوەتە پەرلەمان، لیژنەی دارایی مافی ئەوەی هەیە دەستکاری ژمارەکان بکات، بەڵام مافی زیادکردن یان لابردنی نووسراویان نییە”.

جەختیکردەوە: “دەستکاریکردنی ماددەکانی نادەستووری و نایاسایین، پێشمانوایە تەبکە و لوخمی بۆ رێککەوتنی نێوان هەردوولا دروستکردووە، لە جیاتی ئاسانکاری، ئەمە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایە”.

ئاوات جەناب نووری، گوتی: “لە ماددەکانی 13 و 14 بەتایبەتی زۆر دەستکاری پڕۆژەیاسای بودجە کراوە، لە بڕگە دووەم گۆڕانکارییەکیان کردووە، کە پێچەوانەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا کراوە، لەو بڕگەیە ئەو مافەیان لە ئێمە سەندووەتەوە کە بەپێی ماددەی 111 و 112ی دەستووری عێراق پارێزراوە بۆ گەل، لەو گۆڕانکارییە مافی ئێمە پێشێلکراوە، هەروەها لە بڕگەیەکی دیکە زیادکراوە ئەگەر بڕگەی یەکەم و دووەم جێبەجێ نەکرا راستەوخۆ بودجەی هەرێم رابگیرێت، کە ئەمە پێشنیارێکی زۆر هەڵەیە، چونکە لە هەر ئەگەرێکدا هاووڵاتیی و فەرمانبەران لێی زیانمەند دەبن”.

باسی لەوەشکرد: “وەکو هەرێمی کوردستان بەو مەرجە رازی بووین بەشە بودجە کەمبکرێتەوە کە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ سەرژمێری گشتی بکرێت، ئەوکات بەپێی ئەو سەرژمێرییە بەشە بودجە دیاریبکرێت”.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشدا: “هەندێک لەو گۆڕانکاریانەی کراوە لە ماددەکانی 13 و 14 لە نەبوونی زانیاری و نەزانییە، ئەوەی کردویانە جگە لە دروستکردنی کێشە و سەرئێشە هیچی تر نییە”.

سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە، گوتی: “پاشەکەوتی مووچە چووەتە ناو موزایەدەی سیاسی، هەر کەسێک ئەو بڕگەیەی لە پڕۆژەیاسای بودجە زیادکردووە، خۆزگە بیریشێ بوایە واز لە موزایەدە بێنێ و بڕەکەشی بۆ تەرخان کردبا، هەرکەسێک هەوڵبدات پاشەکەوتی مووچە بگێڕێتەوە من خۆم دەستی ماچ دەکەم، بەڵام کە پێشنیازێک دەکەی دەبێ بزانین چۆن پارەی بۆ دیاردەکەین. حکومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ناوە و یەکەم هەنگاویش ئەوە بوو کردویەتی بە قەرز لەسەر حکومەت، چونکە پلانی هەیە ئەو قەرزە بداتەوە، لە 2013 ئەوەی کە مووچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەناردووە حکومەتی عێراق بوو، ئەرکی هەردوولامانە ئەو قەرزەی فەرمانبەران بدەینەوە”.