هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر ماددەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەی دووشەممە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر ماددەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کۆببێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، سبەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کۆدەبێتەوە.

گوتیشی: “رێگە نادەین ئەو دوو ماددەیە بە رەشنووسە نوێیەکە، بەڵکو دەبێ بەوشێوەیە بێت کە رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەری رێککەوتوون”.

ئەوەشی خستەڕوو: “تا ئەو کاتەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر هەردوو ماددەی 13 و 14 نەکرێت، دانیشتنەکانی پەرلەمانمان راگرتووە، بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت”.

سەبارەت بە دەستکاریکردنی ئەو ماددانەی کە پەیوەندیان بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە پڕۆژەیاسای بودجە شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: “ئەوەی کرا سیاسەتێکی دوژمنکارانە و عەقڵێکی شۆڤێنی و دوور لە یاسا بوو، ئەوە نەک دەستوور سەروەر نەبووە بەڵکو لێدانە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان”.

شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاند: “سبەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە، باس لە ماددەکانی پشکی هەرێم و چەند بابەتێکی دیکە دەکرێن، ئێمە چاوەڕێین بە رێککەوتنێکی سیاسی ئەو دوو ماددەیە هەموار بکرێنەوە”.

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێت: “سەرکردەکانی شیعە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە ماددەی 13 و14 نین”.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، گوتی: “پەیامی سەرۆک بارزانی گەیشتووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی دیکەی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە”.

گوتیشی: “هەر د. فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵڵا لەکۆبونەوەکەی سبەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار دەبن”.