ئاژەڵداری لە جەرگەی شاری سلێمانیدا

مەزهەر كەریم – سلێمانی

خالید عەبدوڵا تەمەنی 45 ساڵانە ماوەی 25 ساڵە لە چەند گەڕەکێکی سلێمانیدا ئاژەڵداری دەکا؛ گەڕەكی مامەیارە و كازیوە‌ و چەند كەڕەكێكی دیكەی شاری سلێمانی؛ ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی ئەوە منداڵەكانی لەگەڵی ناچنەوە گوند هیچ كارێكی دیكە نازانێت لە شاردا ئاژەڵداری دەكات‌.

خالید عەبدوڵا خەریكی هێنانەوەی مەڕ و بەرخەكانی بوو، نەکا بچنە سەر شەقامەکە‌ و ئۆتومبیل لێیان بدا؛ جارجارە دەیگێڕانەوە‌ و بە وریایەكی زۆرەوە دەهات‌ و دەچوو؛ ئەو بۆ “هەولێر” وتی “لە منداڵیەوە لە گوند بووین، باوك‌ و باپیرم ئاژەڵدارییان دەكرد‌ و منیش هەمان كاری ئەوان فێر بوومە؛ لەوەتەی چاوم كردۆتەوە شوانم هیچ كارێكی دیكە نازانم؛ شارەزاییەكی یەكجار باشم لە ئاژەڵداریدا هەیە و هەر سەیری ئاژەڵەكان بكەم دەزانم چی نەخۆشیەكیانە و بۆ خۆم چارەسەریان دەكەم‌ و دەرمانیان دەدەمێ‌‌ و پێویست بە پزیشكی ئاژەڵ ناكات؛ بۆ ئەمەش پێویستم بە ساڵانێكی زۆر بووە تا توانیومە فێر ببم”.
وتیشی “ماوەی 25 ساڵ دەبێت لە شاردا ئاژەڵداری دەكەم‌ و لە ناو بازنەی شەستیدا ماوەی 15 ساڵ دەبێت خانی ئاژەڵم هەیە و پێشوتریش لە گەڕەكی بەكرەجۆ ئاژەڵداریم كردووە‌ و ناوشار بۆ ئاژەڵداری گونجاوترە بۆ من ڕۆژانە خەڵكێك دێن سەردانم دەكەن بۆ خێر و خێرات ئاژەڵم لێ دەكڕن داوام لێ دەكەن بۆیان سەر دەبڕم‌ و بۆیان چاك دەكەم تەنها گۆشتەكەی دەبەنەوە، ڕۆژانە خەڵكی تەلەفونم بۆ دەكەن ‌و مشتەری تایبەتی خۆمم هەیە‌؛ ئێستا قەیران نەماوە لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئیشەكەی من باشە خەڵكی بەردەوامن لە خێركردن‌ و مەڕم‌ و بەرخم لێ دەكڕن”.
ئاماژەش بەوە دەكات بە درێژی 45 ساڵ ئاژەڵداری ڕەشەوڵاخ و مەڕ و بزنی بەخێو كردوەوە؛ دەڵێ “لەو كاتەوەی لە شاردا ئاژەڵ بەخێو دەكەم تەنها مەڕم بەخێو كردووە‌؛ ئاخر گوێڕایەڵن و دوور ناکەونەوە و چاودێرییان ئاسانە‌و، وەك ڕەشەوڵاخ‌ و بزن نیە‌ و كە بزێون‌ و ناتوانم بەئاسانی بەرزەفتیان بكەم‌ و شێوازی بەخێوكردنیشیان ئاسان نیە؛ بەپێچەوانەوە مەڕ لە وەرزی بەهاردا تا گیا سەوز دەبێت لەو سنوورەی تێیدا دەژین‌ و خانم بۆ دروست كردوونە بەیانیان و ئێواران ‌و دوای نیوەی شەو بە دواوە لە خان دەریان دەكەم تا گیا بخۆن‌ و هیچان ناوێت بەڵام لە وەرزی هاوین ‌و پایز ‌و زستاندا دەبێت لە ژوورەوە دایاندەبەستم‌ و ئالیكیان بۆ دەكڕم”.
وتیشی “ئاژەڵی مەڕ زۆرترین كڕیاری هەیە و لە وەرزی بەهاردا بەهۆی هەبونی گیا و لەوەڕ نرخەكەی بەرز دەبێتەوە‌، لەم ئیمساڵەدا كیلۆی تا ٩هەزار دیناری چاپی نوێ‌ دەڕۆشت، لە وەرزی پاییزدا هەرزان دەبێت بەهۆی وەرزی سەرماوسۆڵ و نەبوونی ئالیك ‌و مەسرەفی زۆری دەوێت كە زۆرترین مەڕ و ماڵات لە دەروەی هەرێمی كوردستانەوە دێتە ژوورەوە و مەڕی كوردی زۆر كەمە؛ ئەو كەسانەی ئاژەڵداری دەكەن ژماریان لەهەڵكشاندایە كە مەڕ لە ئێران و سووریاوە دێتە هەرێمی كوردستان‌ و بەرهەمی خۆماڵی لەزیادبووندایە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیە”.
خالید دەشڵێت : “سەرەڕای ئەوەی بووەتە سەرچاوەی بژێو و داهاتی خێزانەكەم، شیر و ماست‌ و پەنیرەكەی بەشی خێزانەكەم‌ دەكات‌ و دەتوانم بەشی دراوسێ‌‌ و خزم ‌و كەسوكاریشی لێ بدەم ‌و پێویستمان بە ماست‌ و بەنیر‌ و شیری بیانی نیە و بەرهەمی مەڕەكانی خۆم ناگۆڕمەوە بە هەرچی بەرهەمی بیانی هەیە”.
ئەوەشی وت: “مەڕداری یەكێكە لە هیوایەتەكانی ژیانم‌ و منداڵەكانیشم بەو كارە زۆر ئاسوودەن؛ كوڕە گەورەكەم وازی لە قوتابخانە هێناوە‌ و زۆر هاوكاریم دەكات ‌و، دڵی بە كارەكەی خۆشە ‌و، هاوسەرەكەشم هاوكارێكی باشمە و تائێستا لەم سنوورەی ئاژەڵداریی لێ دەكەم، نەمهێشتووە كەسێك گلەیی بكات یان خەڵكی بێزار بكەین‌ و ڕۆژانە خەڵكی بە ئۆتۆمبیلەوە لا دەدەن‌ و وێنە لەگەڵ خۆم ‌و مەڕەكاندا دەگرن، بووینەتە جێگەی سەرنج بۆ خەڵكی”.