سلێمان تاشان – ههولێر
دوای دوو دەیە لە دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی و تێپەڕینی نۆ ساڵ لە سەرهەڵدانی قەیران و تەنگژەی بە پلانداڕێژراو دژی هەرێمی کوردستان، خەریکە بە تەواوی ئەوە دەسەلمێنرێ کە بەشی زۆری عێراقییەکان هەرگیز باوەڕیان بە سیستمی فیدراڵی نەبووە. لە چەند رۆژی رابردوودا هەنگاوێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر کوردی لە سیاسەتەکانی بەغدا نائومێد کرد کاتێک بینرا زۆر بە ئاشکرایی تەنانەت رێز لەو ڕێککەوتنە ناگیرێ کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کراوە.
رۆژی پێنجشەم ٢٥ی ئایار لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ماددەکانی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی بە گۆڕانکارییەوە پەسند کرد کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان و چەند ئەندامێکی کوردی لیژنەکەش کۆبووەنەوەکەیان جێهێشت و گۆڕانکارییەکانیان بە پێشێلکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەژمار کرد.ئەم رووداوە خێرا هەڵوێستی سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی و سیاسەتمەداران و خەڵکی دڵسۆزی بەدواوە بوو.
نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان هەر ئەو کات لە بەیاننامەیەکدا وێڕای رەتکردنەوەی گۆڕانکارییەکان رایگەیاند بە نیگهرانییهكی قووڵهوه له دهستكاری و گۆڕانكاری لهو بڕگانهی پرۆژهیاسای بودجهی عێراق دهڕوانن كه پێوهندییان به مافه دهستوورییهكانی ههرێمی كوردستانهوه ههیه. ئاماژەی بەوەش دا هەنگاوەکە دروستكردنی بهربهسته لهبهردهم پرۆژهیاسای بودجه كه ههموو عێراقییهكان به ئومێدهوه چاویان لێیه بۆ ماوهی سێ ساڵی داهاتوو پهسند بكرێت.
هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەو گۆڕانکاریانە لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستورین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکوومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە و بۆیەش بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابن جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە گەل حکوومەتی سوودانی کراوە.
پێویستە بگوترێ رەچاوکردنی بنەمای زۆرینە بەسەر کەمینە و لە پەرلەمانی عێراق و حساب نەکردن بۆ رێککەوتنی نێوان دوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو گومانەی هێناوەتە کایەوە کە ماستەکە مووەکی تێدابێت و ئەمەش جگە لە نیگەرانکردنی خەڵکی کوردستان بووەتە مایەی نیگەرانی سەیاسەتمەداران و نوێنەرانی کورد و خوێندنەوەی ئەوەیان بۆ هەیە بەغدا پشتی لە دەستوور کردبێ و خوازیاری ئەوە بێ پیلانی تر لە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
پێشتر بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ ئەوە سەلمێنرا کە بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و پاشان سەرهەڵدانی داعش و قەیرانەکانی تر هەر لەخۆوە نەبوون و نەیارانی کوردی لەپشت بووە و هەر ئەوەش وای کرد کورد هەڵوێستی هەبێ و هەندێک هەنگاو بنێت کە بەدڵی عێراق نەبێت.
ئەم دۆخە تا ماوەیەک لەمەوبەر بەردەوامی هەبوو کە کورد لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ بەغدا هەڵدایەوە و لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسی و ئابووریدا ویستی لەگەڵ بەغدا و لە چوارچێوەی دەستووردا بە تەواوی کێشەکانی چارەسەر بکات.
جێی باسە بە دەستکاریکردنی هەر دوو مادەی ١٣ و ١٤ی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زۆر سنووردار کراوە و هەندێک بڕگە زیاد کراوە کە زیاتر وەک شەڕفرۆشتن بە هەرێمی کوردستان لێک دەدرێتەوە و عێراق دەخوازێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بچووکتر بکاتەوە کە دەستوور دابینی کردووە.
هەر دوێنێ دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد باسی لەوە کرد کە بەغدا دەمێکە دەیەوێت کۆتایی بە سیستمی فیدراڵی بهێنێت و هاوشێوەی هەر پارێزگایەکی تری عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوت بکات. لە لایەکی ترەوە دکتۆر بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش هەنگاوەکەی لیژنەی دارایی بەغدای بە هەنگاوێکی سیاسی دژی هەرێمی کوردستان هەژمار کرد.
ئەوەی زیاتر زیانی بە گەلی کورد گەیاندووە و بەرانبەر بەغدا بە بێهێز دەریخستووە ئەو ناکۆکییەیە کە لەنێو ماڵی کوردا هەبووە و چاودێرانی سیاسیش ئەمە بە خاڵی لاوازی کورد هەژمار دەکەن ئەگەرنا ئەگەر کورد بە یەک دەنگ بەرانبەر بەغدا دەنگی هەڵبڕێت دەتوانێت داواکانی سەر بخات و بایی ئەوەندەی چاندووە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ لای خۆی رابکێشێت و رێ لەو پیلانە بگرێت کە بەشێک لە دوژمنە سوێندخواردووەکان خەریکە جێبەجێی دەکەن.