جگە لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی محەمەد شییاع سوودانی کراوە، حکوومەتی هەرێم پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکە نابێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری و پەرلەمانتاران، ئەگەر بودجە بەو شێوەی ئێستە کە ھەندێک ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگیان بۆ داوە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت، ھەرێمی کوردستان زیانی زۆری بەردەکەوێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەر دوو حکوومەت کراوە، بناغەیە بۆ ھەماھەنگیی ھەولێر و بەغدا، دەبێ ھەموولا ڕێزی لێ بگرن. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەگەر لیژنەی دارایی پابەندی ڕێککەوتنی ھەر دوو حکوومەت نەبێت ڕێگە نادەین دەنگ لەسەر بودجە بدرێت.

ڕۆژی ١٣ـی ئاداری ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەند کرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و پشکی ھەرێمی کوردستان تێیدا بەڕێژەی ١٢.٦٪ دیاریکراوە، کە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینارە، ڕۆژی ٥/٤/٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کرد و ڕۆژی ١٦ی نیسانیش خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا.
ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی لەسەر چەند پێشنیازێک دا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و زیادکردنی چەند بڕگە و خاڵێک بۆ ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی کە تایبەتن بە پشکی ھەرێمی کوردستان. بەگوتەی پەرلەمانتارانی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، زۆربەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراون لە بەرژەوەندیی کورد دا نین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردەوە کە تێیدا ھاتووە، گرووپێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چەند گۆڕانکارییەکیان خستووەتە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی، کە پێشێلکاریین بەرامبەر بەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد شییاع سوودانی و حکوومەتەکەی کردوومانە.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ڕێککەوتنە بناغەیە بۆ ھەماھەنگیی ھەولێر و بەغدا، دەبێ ھەموولا ڕێزی لێ بگرن.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ھەردوو ماددەی ١٣ و ١٤ـی پرۆژەیاسای بودجە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەو گۆڕانکارییانە پێچەوانەی دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە.
لە ڕوونکردنەوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا ھاتووە، ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەکو تەنھا حیزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستووری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاساو بەوە بھێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ ھەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە ئەگەر یاسایی بودجە وەکو ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و ھەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە، بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە.
پسپۆرانی بواری ئابووری، دەڵێن: دەستکاریکردنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانییە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بەھۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، بۆیە لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەمان کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدان لەسەر بودجە دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار، ئەوەش بەھۆی ئەوەیە ھێشتا گفتوگۆ لەسەر ماددەکانی بودجە لە لیژنەی دارایی کۆتایی نەھاتووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ئەگەر لیژنەی دارایی پابەندی ڕێککەوتنی ھەر دوو حکوومەت نەبێت ڕێگە نادەین پەرلەمان لەسەر بودجە کۆبێتەوە و دەنگ لەسەر بدات، چونکە ئەوەی کراوە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
گۆڕانکارییەکانی ماددەی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاسای بودجە کامانەن کە دژی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدان؟
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دژی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی ١٣ و ١٤ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی ھەرێمی کوردستان.
لە ماددەی ١٣ بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەک زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە ڕادەستکردنی چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و داھاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
ھەروەھا لە ماددەی ١٤ گۆڕانکاری لە بەشێک لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (٨-٩-١٠-١١-١٢)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانی تێدا کراوە ھاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق ھەڵدەستێ بە دانانی کۆی داھاتە نەوتییەکانی ھەرێم لە ھەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئەم گۆڕانکاریەش پێگەی دەستووریی ھەرێم وەک فەرمانگەیەکی ناوەراست و باشوور حسابی بۆ کراوە، نەک وەک ھەرێمێکی دەستووری.
لە خاڵی ھەشت ھاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئەوا ١٥ ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارە نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم ڕادەگیرێت.
لە خاڵی نۆی ماددەی ١٤ـی بودجەدا ھاتووە حکوومەتی ھەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکوومەتی بەغدا ڕاستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی ھەیە.
ھەروەھا لە خاڵی ١٠، حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێم پابەندن بەوەی ڕێگری بکەن لە دەرھێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە ئەمەش بە واتای ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرھەمھێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە دوو سەد ھەزار بەرمیل کە لە ماددەی ١٣ ھەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر چوار سەد ھەزار بەرمیل ڕادەست نەکات شایستە داراییەکانی ھەرێم نانێردرێت.
لە خاڵی ١١ـشدا ھاتووە حکوومەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی ١٢ـش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم ١٠٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.
ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی ١٣ و ١٤ـدا ھاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکوومەتی عێراق ڕەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی ھەرێمی کوردستانە.