لە سمیلان گۆڕێكی شوێنەواریی سەردەمی كۆتایی ئیمپراتۆریی ئەشكانییەكان دۆزرایەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تیمێكی هاوبەشی شوێنەواری سۆران و زانكۆی بارسێلۆنای ئیسپانی، كاری گەڕان و پشكنین لەناوچەیەكی شوێنەواری گوندی ماوان لە شارەدێی سمیلان دەكەن، لەئەنجامی هەڵكۆڵینەكەدا گۆڕێكی تابووتی دەگمەنیان دۆزیوەتەوە، كە مێژووەكەی بۆ نزیكەی دوو هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، دەڵێت: بۆ یەكەم جارە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، گۆڕێكی لەو شێوەیە بدۆزرێتەوە، كە بریتییە لە گۆڕێكی گڵێنەیی كە لەسەر شێوەی بەلەم دروست كراوە و ڕەمزی خاچێكی لەسەرە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، ئەشكانییەكان ‌دوو هەزار و 500 ساڵ بەر لە ئێستە بۆ ماوەی 475 ساڵ، حكومرانی بەشێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستەیان كردووە، هەروەها ئەمە یەكەم تۆماری ئەشكانییەكانە كە لە كوردستان بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران دەدۆزرێتەوە.
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بۆ هەولێر دەڵێت: یەكەم جارە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران گۆڕێكی لەم شێوەیە بدۆزرێتەوە، كە بریتییە لە گۆڕێكی گڵێنەیی لەسەر شێوەی بەلەم یان پێڵاو دروستكراوە، هێمایەكی لەسەرە كە لەشێوەی خاچە، پێدەچێت لە سەرەتای هاتنی ئاینی مەسیح و كۆتایی فەرمانڕەوایی ئەشكانییەكان بێت.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، دەشڵێ: خاچ سیمبۆلی مەسیحییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە مردووەكە كەسێك بووە لە یەكێك لە پەیڕەوانی ئاینیی مەسیحی لە ناوچەكە.