بەشیر حەداد: هەنگاوەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی رێککەوتنی هەرێم و بەغدایە

 – هەولێر

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێیوایە دەستکاریکردنی بڕگەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا لە بەژرەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و دژی رێککەوتنی هەرێم و بەغدایە. دەشڵێت، ژمارەیەک لایەن دەیانەوێت پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو ئاقارێکی خراپ ببەن. 

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی “ئەمڕۆ”ـی کوردستان24 رایگەیاند، هەموو ساڵێک لە دوای 2005 ەوە، لە پەسەندکردنی بودجەی حکومەتی عێراق، کێشە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.

 بەشیر حەداد گوتیشی: ئێمە زۆر جار گوتومانە، کێشەکان لای حکومەتی عێراق نییە، بەڵکو کێشەکە لای ئەو هێز و لایەنانەیە کە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر حکومەتی عێراقدا زاڵە، دەیانەوێت پڕۆسەکە بەرەو ئاقاڕێکی خراپ ببەن، هەروەها پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە ئارستەیەکی نادیار ببەن، بۆیە ئەوگۆڕانکەرییانەی لە ماددەی 13 و 14 لە پرۆژە یاسای بودجەدا کراوە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەمە لەدەرەوەی پرەنسیپە سیاسی و رێکەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە خاڵێکی زۆر نەرێنیە، بەداخەوە هەندێک لەو پەرلەمانتارانە واژۆییان کردووە، سەر بەو لایەنانەن کە رێککەوتنیان لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا واژۆ کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەبوو کە عێراق لەو چەقبوستوویە سیاسیە دەربێنن کە زیاتر لە ساڵێک بوو نەیاندەتوانی حکومەت پێکبهێنن.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەدەات، گۆڕانکاری ئەو برگەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم،  دژی رێککەوتنی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کارنامەی حکومەتی ئێستای عێراقە، “کە بەخۆیان دەنگیان پێداوە. بۆیە پێم وایە ئەوە دژی عێراقە زیاتر وەک لەوەی دژی هەرێم بێت.”

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکە کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری نوێی له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و عه‌سائیب پێشنیازه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌رنه‌كراوه‌ لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.

زیاتر گوتی، “رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه‌، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه‌ گرت بەوەی كه‌ رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون”.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.