ئەندامێکی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا سەردانی دهۆک دەکات

شازادە دەچێس سۆفی سەردانی دهۆکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری دهۆک پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیایان تاوتوێکرد. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش، پرسی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان بوو.  

شەوی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، شازادە دەچێس سۆفی، هاوسەری میر ئیدواردی دەچی ئەدنبەرەی برای شا چارلسی شای بەریتانیا، سەردانی دهۆکی کرد و لەلایەن عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە پێشوازی لێکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای دهۆک، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا، کە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، کونسوڵی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان و هەردوو جێگری پارێزگاری دهۆکیش بەشدارییان تێیدا کردووە، پەیوەندییە دۆستاییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کراون.

لای خۆیەوە شازادە دەچێس سۆفی باسی لە هەوڵ و چالاکییەکانیان لە بواری ئاشتی، مافی مرۆڤ و بەتایبەت ئافرەت و منداڵاندا کردووە و پرسی بارودۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە.

ھەواڵی زیاتر