گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان:هەنگاوەکانی چاکسازی خێراتر دەکرێن

گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە لە وەزارەتی شەھیدان و دەڵێ، کۆبوونەوەیەکی باڵا بەڕێوە چووە و ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان خێراتر دەکرێن.

عادل حەمە ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “وەزیری شەھیدان وەک سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی چاکسازی لە وەزارەتی سەرۆکی لیژنە لاوەکییەکان کۆ بووەتەوە و تێیدا بەوردی پێداچوونەوە بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان کراوە، ھەنگاوی باش نراون بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لەسەر ئاستی وەزارەت، بەڵام دەمانەوێت ھەنگاوەکانی چاکسازی خێراتر بکرێن.”
عادل حەمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “وەزارەتی شەھیدان ڕێکاری نوێ دەگرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لەناو وەزارەتەکە و پلانی داھاتوو ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بەردەوامی بدرێت بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە تایبەتە بە مووچە و دەرماڵە لە دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی وەزارەتیش چەندین لیژنە پێک ھاتوون.