شۆڕشی گوڵان، شۆڕشی هەڵسانەوەی نەتەوەیەک بە ڕووی ستەمدا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٤٧ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا تێدەپەڕێت، لە ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦ بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوکردنی ئامانجە بەدینەھاتووەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان، یەکەم بڵێسەی دا و کاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانی درێژە پێدا. سبەینێ پێنج شەممە، بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، لە ناحیەی گەڵاڵەی سەر بە قەزای چۆمان یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەکرێتەوە.

شۆڕشی گوڵان قۆناغێکی زۆر گرنگی شۆڕش بوو، چونکە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، گوڵان ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەوشە دژوار و پڕمەترسیدارە بوو کە لە ئەنجامی خیانەتی نێودەوڵەتیی جەزائیر بەسەر گەلی کوردستاندا سەپێندرا.
لە شۆڕشی گوڵاندا بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر و ڕێنماییی سەرۆک بارزانی، کورد توانی خۆی ڕێکبخاتەوە و دەست بکاتەوە بە شۆڕش، بەر لە دەستپێکردنی شۆڕش، پارتی پێداچوونەوەی بە ڕێکخستنەکانیدا کرد ، لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٧٥ کۆنفرانسێک لە بەرلین ڕێکخرا، ئەویش لەبارەی چۆنیەتیی خۆئامادەکردن بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات و دەستپێکردنەوەی شۆڕش.
شۆڕش ھەر زوو مەفرەزەی بچووکی پارتیزانی دروست کردەوە، لەناو جەرگەی باشووری کوردستان شۆڕش بەرپا کرایەوە، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات زۆر کەسایەتی و فەرماندە و سەرکردەی پێشووی شۆڕشی ئەیلوول، گەڕانەوە و چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتیان دەست پێکردەوە.
ڕۆژی ٢٦-٥-١٩٧٦ لە دۆڵ زەوی، یەکەم مەفرەزەی شۆڕش کە ٢٣ پێشمەرگە بوون لەگەڵ سوپای عێراق دەبێتە شەڕیان و سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی دەبێتە یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان، مام نەبی یەکەم برینداری شۆڕشی گوڵانە، پێشمەرگە و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول نەیانھێشت خەونی دووژمنان بێتەدی، کە بەنیازبوون شۆڕشی کورد بۆ ھەتاھەتایی لەناوببەن.
ئەحمەد سەعید، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێت: شۆڕشی گوڵان بە تەواوکەری شۆڕشی ئەیلوول دادەنرێت، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول زۆر بوون، لەوانە ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئازار، لە ھەمان کاتیشدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو و پەڕەی بە خەبات دا، ئەو شۆڕشە توانی ھەموو ھێز و بیر و باوەڕەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە. زیاتر ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد، دروستبوونی حکوومەتی ھەرێم و ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ ئێمە تێدا دەژین، بەرھەمی ئەو شۆڕشەیە. ئەوەی کە ئێستە ھەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و خوێنی شەھیدەکان و بەرھەمی شۆڕشی گوڵان ھاتوونەتە دی.
ئەو پێشمەرگەیە، دەشڵێ: شۆڕشی گوڵان توانی ھیوا و ئۆمێدی گەلی کورد زیندوو بکاتەوە، ئەو شۆڕشە بووە ھۆی ھۆشیاربوونەوەی خەڵک، کە ڕۆژانە ھاووڵاتییان پەیوەندیان بە شۆڕشەوە دەکرد، ئەو بیر و باوەڕەی بۆ خەڵک دروست کرد کە خۆیان بکەنە یەک و دژی دوژمن بوەستنەوە، بۆیە دەستکەوتەکانی شۆڕشی گوڵان زۆرن، لە سەرووی ھەموویانەوە ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بەھاری ١٩٩١، بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی، لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرنامەی شۆڕشی گوڵان کوردستان ئازاد کرا، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو یەکڕیزی و تەبایی و گیانی تێکۆشانەی خەڵکی کوردستان بوو، کە شۆڕشی گوڵان لە پێناویدا ھەڵگیرسا.
ھاشم حاجی، پێشمەرگەیەکی دیکەی شۆڕشی گوڵانە، ڕایگەیاند: شۆڕشی گوڵان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی دەستی پێ کرد، سەرۆک بازرانی باوەڕی بەوە ھەبوو کە ئێمە خاوەن سۆز و بیرێکی ڕەواین، دەتوانین بەسەر ھەموو کۆسپەکان زاڵ بین و گەلی کورد بە ھەموو ھیوا و ئاواتەکانی خۆی بگات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرۆک بارزانی سەردانی دەرەوەی کرد، لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیھان کۆبووەوە تا توانی جارێکی دیکە پەیوەندیییەکانی کورد لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە خۆش بکات، لە ھەمان کاتیشدا لە شەڕەکاندا بەشداری دەکرد و دەورێکی باڵای ھەبوو، بەتایبەتی لە شەڕی خواکوڕکدا.
عیسا ڕەشید، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، گوتی: شۆڕشی گوڵان بەردەوامیدان بوو بە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دیکەی گەلی کورد، دوژمن وای لە ئێمە کردووە کە بەردەوام دژی بوەستینەوە، بۆیە ئەو ھیوا و ئاواتەی زیندوو کردەوە، کە لەو ساتە ھەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو گشت ناحەزانی کوردی سەرسام کرد و ئۆمێدێکی گەورەشی بە گەلەکەمان بەخشی.
ئەوەشی گوت: شۆڕشی گوڵان وەڵامدانەوەی ئەو پیلان و گەلە کۆمەکییە بوو کە لە کورد دەکرا، لە دوای پیلانی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥، دەرحەق بە گەلی کورد کرا، پاش شکەستی شۆڕشی ئەیلوول ڕەشبینیەک دروست ببوو و دوژمنانی کورد بەتایبەت ڕژێمی بەعس وایان نیشاندا کە شۆڕشی کورد کۆتایی ھاتووە، کە دوای شۆڕشی ئەیلوول حکوومەتی عێراق بە تەما بوو ھەرێمی کوردستان ھەمووی خاپوور بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەگی شۆڕشگێری و توانایی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەو ئاستەدا بوو کە توانی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت ئەو ڕەشبینییە ڕەش بکاتەوە و ئۆمێدێک بداتەوە بە نەتەوەی کورد، ئەوە بوو لە ڕۆژی ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦ یەکەم ئاگری بڵێسەی شۆڕش لە شاخەکانی کوردستان دەست پێکرد.
خورشید وەسمان، پێشمەرگەیەکی دیکەی ھەمان شۆڕش بوو، ئاشکرای کرد: لەدەستپێکی شۆڕشی گوڵاندا شەھید ئیدریسی ھەمیشە زیندوو بەنھێنی پێشمەرگە و جەماوەری لەدەوری خۆی کۆدەکردەوە، ھەمیشە بۆ خەڵک و پێشمەرگە باسی دەکرد کە دەبێ بۆ دوژمن بسەڵمێنین ئێمە لە پێناو ئازادی و ڕزگاری خاکی کوردستان ھەمیشە شۆڕش گێر و خەبات گێڕین، بۆیە شەھید ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی کۆڵ نەدەر و خەبات کاربوو، بەوەفا و نیشتمانپەروەر بوو و ھەمان سیفەتی باوکی ھەبوو، ھەمیشە لەگەڵ پێشمەرگە کۆدەبوویەوە و لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئامۆژگاری ئێمەیان دەکرد کە دەبێ ھەموو کاتێک پێکەوە ئامادەبین بۆ بەرگری کردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان.
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ گوڵان لە باڵەکایەتی، ڕایگەیاند: بۆ یادکردنەوەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز ڕۆژی پێنج شەممە، جارێکی دیکە لە ئاھەنگێکی جەماوەری مەزندا، گەڵاڵە دەبێتەوە پایتەختی کوردایەتی و ساڵیادی شۆڕشی ٢٦ی گوڵانی پێشکەوتنخواز بەرز ڕادەگیرێت.
کرمانج عزەت، باسی لەوەشکرد: شۆڕشی٢٦ی گوڵان، ئەو شۆڕشە بوو، پلانی جەزائیری تێکشکاند و بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، چیاکانی بۆ خەباتی کوردایەتی گڕ دایەوە، بۆ ئەم یادە پڕ شانازییە ئاھەنگێکی گەورە رێکدەخرێت و میوانێکی زۆر ئامادە دەبن و وەکو یادێکی نیشتمانی تەماشا دەکرێت.