ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی 05ـی 2023 ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بڵاو کردەوە، لەمبارەیەوە وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ژمارە «305»ـی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کرایەوە، کە ڕۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023 پەرلەمانی كوردستان بڵاو كراوەتەوە تایبەت بە بەردەوامبوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک ڕێنمایی و بەیان.

ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان لە بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023 ڕایگەیاند: پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی 1 لە ماددەی 56 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو و حوکمی مادەی خاڵی 1ـی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 5ـی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 4ـی ساڵی 2014 بڕیارمان دا بە:-

یەکەم: بەردەوامبوونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە ڕۆژی کۆتاهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە ڕێکەوتی 23ـی 12ـی2019:

1- هەندرێن محەمەد ساڵح

2- نەهرۆ سەلیم حەنا

3- ڕێزان حەمەڕەشید کەریم

4- عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵا

5- شێروان زرار نەبی

6- ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقادر

7- سلێمان مستەفا حەسەن

دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە:

1- عەلی ساڵح مەحموود قادر

2- کامەران نەشئەت بەکر ئەحمەد

سێیەم: ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کورستان بڵاو دەکرێتەوە.

دوێنێ دووشەممە به ‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، مونا نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (4)ـی ئاسایی خولی به‌هاره‌ى ساڵی پێنجه‌م له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا د. ڕێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ناوى خودا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بڕیارى دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی تر دواخست.

دواتر د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ به ‌خستنه‌ده‌نگدانه‌وه‌ به‌رده‌وامیی به‌ دانیشتنه‌كه‌دا و هه‌ر به‌ده‌نگدانیش ئالوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، د. هێمن هه‌ورامی، كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (58) په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

پاشان ناوی هه‌ریه‌ک له‌ (عه‌لی ساڵح مه‌حموود و كامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ـى وه‌ک دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (58) په‌رله‌مانتار په‌سند كران و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.