كه‌وتنه‌ كاری هێڵی ئاسمانی نێوان هه‌ولێر و مێرسین” خاڵی وه‌رچه‌رخانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و تورکیا ده‌بێت

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 23ی5ی2023 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر” به‌ ئاماده‌بوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار” له‌ دیوانی پارێزگادا پێشوازیان له‌شاندێكی باڵای سه‌رمایه‌دارو خاوه‌ن كارسازانی توركیا كرد” كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ژووری بازرگانی شاری مێرسین و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی توركیا-عیراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا بیروڕا له‌سه‌ر شێوازی به‌هێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و تورکیا ئاڵوگۆر كرا” جه‌خت له‌سه‌ر ئالیه‌تی بەردەوامبوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و قه‌باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كرایه‌وه‌” بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی نێودەوڵەتی (زێت) درا، كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت بۆسه‌ر فراوانكردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا …
پارێزگاری هه‌ولێر و جێگری پارێزگار له‌گه‌ڵ ‌سه‌رۆكی ژووری بازرگانی شاری مێرسین و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی توركیا-عیراق” هاوڕابوون له‌سه‌ر كاركردنی جیدی بۆ كه‌وتنه‌ كاری هێڵی ئاسمانی نێوان هه‌ولێرو مێرسین ” ئه‌وه‌شیان به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان شرۆڤه‌كرد بۆ توندو تۆڵكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان.
شانده‌كه‌ی وڵاتی توركیا هیوایان خواست پارێزگاری هه‌ولێرو تیمی پارێزگا سه‌ردانی شاری مێرسین بكه‌ن” تاوه‌كو بناغه‌ی ده‌سته‌خۆشكی نێوان هه‌ولێرو مێرسین دامه‌زراوه‌تر بكه‌ن و له‌گه‌ڵیاندا به‌شدار بن له‌ فیستیڤالی ساڵانه‌یان كه‌ نمایشێكی فراوانی كلتوورو داب و نه‌ریته‌كانی ئه‌و شاره‌ ده‌خرێته‌ روو. له‌وێش دیدار و گفتوگۆی بازرگانی رێكده‌خرێ و ئه‌مه‌ش به‌شێكی دیكه‌ ده‌بێت‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان”.ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا.
شایه‌نی وتنه‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی بایه‌خدار له‌ نه‌خشه‌ی ئابووری توركیا پێكده‌هێنێ” توركیاش بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ حوكمی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری مێژوویی هاوسنووری مایه‌ی گرنگی پێدانه‌” بۆیه‌ بۆ هه‌ردوولا گرنگه‌ په‌ره‌ به‌ ئه‌جیندای بازرگانی نێوان خۆیان بده‌ن و پردی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان فراوانتر بكه‌ن.